سەرۆکی حکومەتی هەرێم: بێ ڕێزیکردن بەرامبەر ئاڵای کوردستان لە بەغدا، ڕیسوا و شەرمەزار دەکەم

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی لەبارەی هێرشکردنە سەر بارەگای لقی پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا بڵاوکردەوە، رایگه‌یاند: هێرشێکی ئاشکرایە بۆ سەر بەهاکانی دیموکراسی و بەیەکەوەژیانی ئاشتیانە و ئاشتی کۆمەڵایەتی لە عێراقی فیدراڵدا.

بە تووندی هێرشی ئەمڕۆی تاقمێکی لە یاسادەرچوو بۆ سەر بارەگای لقی پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستان و سووتاندن و بێ ڕێزی کردن بەرامبەر ئاڵای کوردستان لە بەغدا، ڕیسوا و شەرمەزار دەکەم .
 
بێ ڕێزی کردن بەرامبەر پیرۆزترین سیمبولی کوردستان و سووتاندنی و هەڵکوتانە سەر بارەگای حیزبێک، کە زۆرترین قوربانی لە پێناو ڕووخانی رژێمی دیکتاتۆری لە عێراق و دابینکردنی مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان داوە، هێرشێکی ئاشکرایە بۆ سەر بەهاکانی دیموکراسی و بەیەکەوەژیانی ئاشتیانە و ئاشتی کۆمەڵایەتی لە عێراقی فیدراڵدا.

لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆک وەزیران بەڕێز مستەفا کازمی، گفتوگۆمان دەربارەی ئەم پەلامارە کرد و داوام لێکرد کە دەزگا پەیوەندیدارەکان، دەستبەجێ لێکۆڵینەوە بکەن و ڕێوشوێنی یاساییش، بەرامبەر ئەنجامدەرانی ئەم تاوانە بگرنەبەر.

مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2020/10/17