وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق ده‌ستگیركردنی سه‌ركرده‌یه‌كی داعش و سێ یاریده‌ده‌ری له‌ به‌غدا راگه‌یاند

وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق بڵاوی كرده‌وه‌ كه‌ سه‌ركرده‌یه‌كی داعش له‌گه‌ڵ سێ یاریده‌ده‌ری له‌ به‌غدای پایته‌خت ده‌ستگیركراون.

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا، وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق بڵاوی كرده‌وه‌ كه‌ پشت به‌ستن به‌ زانیارییه‌كانی هه‌واڵگریی، هێزه‌كانی ئاژانسی هه‌واڵگریی سه‌ربه‌ پۆلیسی فیدرال له‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆ به‌رپرسی نووسینگه‌ی زه‌كات له‌ به‌ناو ویلایه‌تی راوه‌ كه‌رتی فورات سه‌ر به‌داعشیان له‌گه‌ڵ سێ یاریده‌ده‌ری له‌ ناوچه‌كانی دۆره‌ و زانكۆ له‌ باشووری به‌غدا ده‌ستگیركردووه‌.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا روونكراوه‌ته‌وه‌، ئه‌و تیرۆریستانه‌ی كه‌ ده‌ستگیركراون، به‌پێی مادده‌ی چواری تیرۆر داواكرابوون و باس له‌وه‌شكراوه‌ كه‌ له‌ میانی لیكۆڵینه‌وه‌ به‌راییه‌كاندا، ده‌ستگیركراوه‌كان دانیان به‌وه‌داناوه‌ كه‌ ئه‌ندامی رێكخراوی تیرۆریستی داعشن و به‌شدارییان له‌ چه‌ندین كرده‌ی تیرۆریستی دژبه‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان و هاووڵاتییاندا كردووه‌.