بۆریس جۆنسۆن: خۆمان ئاماده‌ ده‌كه‌ین به‌بێ رێككه‌وتن له‌ یه‌كێتی ئه‌ورووپا بچینه‌ده‌ر

سەرۆك وەزیرانی به‌ریتانیا رایگەیاند: لە ئێستادا وڵاتەكەی خۆی ئامادە دەكات بۆ چونەدەرەوە لە یەكێتی ئەوروپا بێ هیچ رێككەوتنێك، ئەوەش لەكاتێكدا ئەگەر یەكێتییەكە رەفتار و هەڵسوكەوتی نەگۆڕێت. 

بۆریس جۆنسۆن، سەرۆك وەزیرانی بریتانیا ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند: به‌ریتانیا خۆی ئامادە دەكات بۆ چوونەدەرەوە لە یەكێتی ئەوروپا و وه‌رگرتنی سەربەخۆیی بازرگانی، هاوكات ره‌خنه‌ش له‌ یەكێتی ئەوروپا ده‌گرێت بەهۆی ئەوەی پێشنیارە باشەكانی سه‌باره‌ت به‌م پرسه‌ رەتكردووه‌ته‌وه‌. 

له‌ لێدوانێكدا جۆنسۆن وتی، ئەو هەمیشە ئامادەیە گوێ لە سەركردەكانی یەكێتی ئەوروپا بگرێت، ئەگەر بەرپرسانی ئەو یەكێتییە لەگەڵ به‌ریتانیا پێكەوە بگەنە رێككەوتنێكی بنەڕەتی. 

مانگی رابردوو جۆنسۆن رێككەوتی 15ی تشرینی یەكەمی وەك كۆتا وادە دیاریكرد، بۆ بە ئەنجام گەیاندنی رێككەوتنێك لەبارەی برێكزیتەوە، بەڵام تا ئێستا هەردوولا هیچ رێككەوتنێكیان ئەنجام نەداوە. 

بەگوێرەی په‌یڕه‌و و ناوەڕۆكی برێكزیت، رێكنەكەوتن لەسەر برێكزیت واتای ئەوەیە به‌ریتانیا دەستبەجێ هەموو پەیوەندییەكانی خۆی لەگەڵ یەكێتی ئەوروپا كۆتایی پێدێنێت، بێ ئەوەی هیچ رێككەوتنێك لە ئارادا هەبێت.