عێراق.. 56 تووشبووی دیكه‌ی كۆرۆنا گیانیان له‌ده‌ستدا

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی عێراق ئاماری 24 كاتژمێری رابردووی تووشبوون و مردن و چاكبوونه‌وه‌ی كۆرۆنای له‌ سه‌رانسه‌ری وڵات به ‌پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه‌ راگه‌یاند. 

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێراق، له ‌ماوه‌ی 24 كاتژمێری رابردوودا پشكنین بۆ 20 هه‌زار و چوار كه‌س ئه‌نجامدراوه‌ و تووشبوونی سێ هه‌زار و 501 كه‌سی دیكه‌ به‌ په‌تاكه‌ پشتڕاست كرایه‌وه. 

وه‌ك له ‌راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌، له ‌دوێنێوه‌ 56 تووشبوو به‌هۆی په‌تاكه‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و هه‌ر له‌ راگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا هاتووه‌ له‌ 24 كاتژمێری رابردوو سێ هه‌زار و210 حاڵه‌تی چاكبوونه‌وه‌ش تۆماركراوه‌. 

تا ئێستا كۆی ئه‌وانه‌ی له‌ سه‌رانسه‌ری عێراق تووشی په‌تاكه‌ بوونه‌، ژماره‌یان گه‌یشتووه‌ته‌ 420 هه‌زار و 303 حاڵه‌ت، له‌و ژماره‌یه‌ش 10 هه‌زار و 142 كه‌س به‌هۆی ڤایرۆسه‌كه‌وه‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه و 353 هه‌زار و 962 كه‌سیش به‌ته‌واوی چاك بوونه‌ته‌وه و 56 هه‌زار و 199 تووشبووش له نه‌خۆشخانه‌كان له‌ژێر چاودێری پزیشكیدان، له‌و ژماره‌یه‌ش 490 كه‌س به‌هۆی ناجێگیری دۆخی ته‌ندروستییان له‌ژێر چاودێری چڕی پزیشكیدان.