عێراق تاوتووێى چۆنیەتى کشانەوەى هێزەکانى ئەمەریکا ده‌كات

به‌ دانانی خشته‌یه‌ك عێراق له‌گه‌ڵ ئەمەریکا لیژنەیەک پێكدێنن بۆ کشانەوەى هێزەکانى ئەمەریکا لە عێراق.

ئەحمەد سەحاف وتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى عێراق ڕایگه‌یاند: هەریەک لە فوئاد حسێن وەزیرى دەرەوەى عێراق و بەها ئەعەرجى راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی و نوێنه‌رانی به‌رپرسانی دۆسیه‌ی ئه‌منیی له‌ عێراق كۆبوونە‌ته‌وه‌ و تاوتووێى چۆنیەتى کشانەوەى هێزەکانى ئەمەریکایان لە عێراق کرد.

ئه‌حمه‌د سه‌حاف رایگه‌یاند: لیژنه‌یه‌كی ته‌كنیكی پێكهێنراوه‌ بۆ هه‌ماهه‌نگیكردن له‌گه‌ڵ لایه‌نی ئه‌مریكا به‌مه‌به‌ستی دیاریكردنی خشته‌یه‌ك بۆ دووباره‌ بڵاوه‌پێكردنه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ ده‌ره‌وه‌ی عێراق .

وتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، لیژنەکە له‌سه‌ر بنه‌مای گفتوگۆى ستراتیژى نێوان ئەمەریکا و عێراق دیاریکراوە کە لە 19ی ئابى ئەمساڵ لە واشنتن بەرێوەچوو.