فه‌ڕه‌نسا به‌ تۆماركردنی زیاتر له‌ 30 هه‌زار حاڵه‌تی تووشبوون به‌ كۆرۆنا ژماره‌ی پێوانه‌یی له‌ ئه‌ورووپا تۆماركرد

به‌ تۆماركردنی ژماره‌یه‌كی پێوانه‌یی نوێ له‌سه‌رانسه‌ری ئه‌ورووپا، له‌ ماوه‌ی ٢٤ كاتژمێری رابردوودا له‌ فه‌ڕه‌نسا،٣٠ هه‌زار و ٦٢١ حاڵه‌تی نوێی تووشبوون به‌ ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19) تۆماركراون.

له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا كه‌ له‌لایه‌ن دامه‌زراوه‌ی ته‌ندروستیی گشتیی فه‌ڕه‌نسا‌وه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، به‌ گیانله‌ده‌ستدانی ٨٨ كه‌سی دیكه‌، كۆی گشتیی گیانله‌ده‌ستدان له‌ وڵاته‌كه‌، بۆ ٣٣ هه‌زار و ١٢٥ به‌رزبووه‌ته‌وه‌. 

له‌ ماوه‌ی ٢٤ كاتژمێری رابردوودا له‌ فه‌ڕه‌نسا، ٣٠ هه‌زار و ٦٢١ كه‌سی دیكه‌ تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون و كۆی گشتیی تووشبووان بۆ ٨٠٩ هه‌زار و ٦٨٤ كه‌س به‌رزبووه‌ته‌وه‌. ئه‌م ژماره‌یه‌ له‌ سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی په‌تاكه‌وه‌، له‌ ئه‌ورووپا و له‌ فه‌ڕه‌نساش به‌رزترین ژماره‌ی تۆماركراوی حاڵه‌ته‌كانی رۆژانه‌یه‌ به‌ ڤایرۆسه‌كه‌ و بۆ یه‌كه‌مجار ژماره‌ی حاڵه‌ته‌كانی رۆژانه‌ بۆ سه‌روو ٣٠ هه‌زار به‌رزبووه‌ته‌وه‌. 

له‌ نه‌خۆشخانه‌كان نۆ هه‌زار و ٦٠٥ تووشبوو چاره‌سه‌ری پزیشكیی وه‌رده‌گرن كه‌ هه‌زار و ٧٥٠یان له‌ یه‌كه‌كانی چاودێریی چڕدان، هاوكات ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی چاكبوونه‌ته‌وه‌ ٦٦٩ كه‌س زیادیكردووه‌ و گه‌یشتووه‌ته‌ ١٠٤ هه‌زار و ٨٢ كه‌س. 

هه‌روه‌ها رێژه‌ی ده‌رچوونی ئه‌نجامی پشكنینه‌كان به‌ پۆزه‌تیڤ، له‌سه‌دا ١٢،٦ه‌. 

- رێستۆرانت و شوێنكاره‌كان داده‌خرێن

سه‌رۆكوه‌زیرانی فه‌ڕه‌نسا، ژۆن كۆستێكس له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانییدا، ئاشكرایكرد له‌و شارانه‌ی كه‌ له‌ ١٧ی تشرینی یه‌كه‌مه‌وه‌ قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ تیایاندا جێبه‌جێده‌كرێت، جگه‌ له‌ حاڵه‌ته‌ هه‌ڵاوێره‌كان، رێستۆرانت و شوێنكاره‌كان له‌و كاژمێرانه‌ی دیارییكراون، داده‌خرێن. 

ژۆن كۆستێكس ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد له‌ سه‌رانسه‌ری وڵاتدا ئاهه‌نگه‌كان، چالاكییه‌ تایبه‌ته‌كانی په‌یوه‌ست به‌ كه‌یفخۆشیی قه‌ده‌غه‌كراون و هاوكاریی ماددیی ئه‌و رێستۆرانت و شوێنكارانه‌ ده‌كرێته‌وه‌ كه‌ به‌هۆی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆوه‌، زیانیان به‌رده‌كه‌وێت.