تره‌مپ : جۆ بایدن هه‌موو وڵات داده‌خات و له‌ناوی ده‌بات

جۆ بایدن ، به‌ربژێری پارتی دیموكرات و دۆناڵد تره‌مپ ، به‌ربژێری پارتی كۆماری، به‌شداری دیبه‌یتی هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكایان كرد كه‌ له‌ سێی مانگی تشرینی دووه‌م به‌ڕێوه‌ده‌چێت و له‌باره‌ی سیاسه‌تی ناوخۆی ئه‌مریكاوه‌ دوان و ره‌خنه‌ی توندیان ئاراسته‌ی یه‌كتر كرد.

جۆ بایدن باسی له‌وه‌ كرد كه‌ ئیداره‌ی دۆناڵد تره‌مپ ده‌یه‌وێت كۆتایی به‌و یاسا ته‌ندروستییه‌ بهێنێت كه‌ به‌ "Obamacare" ناسراوه‌ و گوتی: "تره‌مپ له‌ كاتێكدا ركابه‌ری بۆ پۆستی سه‌رۆكی ئه‌مریكا ده‌كات، هه‌وڵ ده‌دات خۆی له‌م یاسایه‌ رزگار بكات. له‌ئێستاشدا ده‌یه‌وێت له‌ دادگای باڵا كۆتایی به‌م یاسایه‌ بهێنێت. له‌ ئه‌نجامی ئه‌م كاره‌شدا، بیمه‌ی ته‌ندروستیی ٢٠ ملیۆن كه‌س ده‌بڕدرێت".

دۆناڵد تره‌مپ له‌ وه‌ڵامی ئه‌م ره‌خنه‌یه‌دا، ئه‌وه‌ی وه‌بیر جۆ بایدن هێنایه‌وه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ سیناتۆر، بێرنی سانده‌رس راگه‌یه‌ندراوێكیان بڵاو كردووه‌ته‌وه‌ و تیایدا باسی سیستمێكی ته‌ندروستیی سۆسیالیستییان كردووه‌، جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه‌ كه‌ كابینه‌كه‌ی له‌بری "Obamacare" سیستمێكی باشتریان هێناوه‌ چونكه‌ "Obamacare" سیستمێكی زۆر گران بووه‌ و هیچ سوودێكی نه‌بووه‌.

دووه‌م پرسی مشتومڕه‌كانی نێوان هه‌ردوو كاندید، تایبه‌ت بوو به‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تای ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19).

جۆ بایدن ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ تا ئێستا له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان زیاتر له‌ ٢٠٠ هه‌زار كه‌س به‌هۆی كۆرۆناوه‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و زیاتر له‌ حه‌وت ملیۆن كه‌سیش تووشی ڤایرۆسه‌كه‌ بوون، به‌ڵام دۆناڵد تره‌مپ تا ئێستاش هیچ پلانێكی جددی نییه‌ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی كۆرۆنا.

له‌ به‌رامبه‌ردا دۆناڵد تره‌مپ تاوانی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌ی خسته‌ ئه‌ستۆی چین و گوتی: "ئه‌گه‌ر گوێمان له‌ ئێوه‌ بگرتایه‌ به‌شێكی زۆری كه‌رته‌كانی وڵات به‌ كراوه‌یی ده‌مانه‌وه‌، له‌ئێستادا ژماره‌ی ئه‌وانه‌ی گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ نه‌وه‌ك ٢٠٠ هه‌زار، دوو ملیۆنیشی تێده‌په‌ڕاند. ئه‌مانه‌ تاوانی چینه‌، ده‌بوایه‌ چین رێگای نه‌دایه‌ ره‌وشه‌كه‌ ئاوای لێبێت".

جۆ بایدن له‌باره‌ی هه‌وڵه‌كان بۆ دۆزینه‌وه‌ی ڤاكسینی كۆرۆنا، باسی له‌وه‌ كرد كه‌ متمانه‌ی به‌ گوته‌كانی لێكۆڵه‌ر و پسپۆڕان هه‌یه‌ نه‌وه‌ك گوته‌كانی دۆناڵد تره‌مپ.

له‌ درێژه‌ی دیبه‌یته‌كه‌دا گفتوگۆ له‌سه‌ر سیاسه‌تی ئابووریی ئه‌مریكا كرا و دۆناڵد تره‌مپ گوتی: "گه‌وره‌ترین ئابووریمان له‌ مێژوودا دروست كرد، به‌ڵام به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تای كۆرۆنا چالاكییه‌ ئابوورییه‌كان وه‌ستان".

ناوبراو ره‌خنه‌ی ئه‌وه‌شی ئاراسته‌ی جۆ بایدن كرد كه‌ به‌هه‌ستیاری له‌ ئاساییكردنه‌وه‌ی خێرای ئابووریی ده‌ڕوانن و گوتی: "ئه‌م پیاوه‌ هه‌موو وڵات داده‌خات و له‌ناوی ده‌بات".