هاتوچۆی هه‌ولێر و سلێمانی كار ئاسانی بۆ مامه‌ڵه‌ی هاووڵاتیان ده‌كه‌ن

هەردوو بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای هەولێر‌و سلێمانی جەخت لەسەر هەماهەنگی‌ و هاوكاری نێوانیان دەكەنەوە لە ڕاییكردنی مامەڵەی هاوڵاتیان، بڕیاریشیاندا لیژنەیەكی تایبەت بۆ بەدواداچوونی كاری لیژنەكانی پشكنینی ئۆتۆمبێل پێكبهێنرێت.

ئەمڕۆ سێ شه‌ممه‌ (29/9/2020) عەمیدی مافناس (دیدار عومەر قادر) بەڕێوەبەری هاتووچۆی پارێزگای هەولێر بەیاوەری عەمیدی هاتووچۆ (یەعقوب یوسف شەریف) بەڕێوەبەری كارگێڕی هاتووچۆی هەولێر، سەردانی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانیان كرد‌و لەلایەن عەمیدی مافناس (فەرەیدون عومەر ئەحمەد) بەڕێوەبەری هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی‌ و ژمارەیەك لە ئەفسەرانی هاتووچۆی سلێمانیەوە پێشوازیان لێكرا.

لەكۆبوونەوەكەدا بەڕێوەبەرانی هاتووچۆی هەولێر‌ و سلێمانی تاوتوێی ئیش‌ و كارەكانی هاتووچۆ‌و چۆنێتی ڕاییكردنی مامەڵەی هاوڵاتیانیان كرد.

بەڕێوەبەری هاتووچۆی سلێمانی جەختی لەوەكردەوە، لەئێستادا لە هاتووچۆی سلێمانی بەیەك میكانیزم كار بۆ ڕایكردنی مامەڵەی هاووڵاتیان دەكرێت، هەردوولاش جەختیان لەسەر هەماهەنگی‌ و هاوكاری تەواوی نێوان هەردوو بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر‌و سلێمانی كردەوە لە ڕاییكردنی مامەڵەی هاوڵاتیان، بڕیاریشیاندا لیژنەیەكی تایبەت لەهەردوولا پێكبهێنرێت بۆ بەدواداچوونی كاری لیژنەكانی پشكنینی ئۆتۆمبێل‌، هەروەها ئاماژەیان بەوەکرد کە لەمەودوا سەرجەم مامەڵەی تۆماری یەكەمجار‌و سەرەتای ئۆتۆمبێل‌ و گواستنەوەی خاوەندارێتی نادرێتەوە دەست خاوەن ئۆتۆمبێلەكە، بەڵكو بەڕێگەی بەرید ئاڵوگۆڕی پێدەكرێت لە نێوان هاتووچۆی هەولێر‌و هاتووچۆی سلێمانی دا.

هاوكات هەردوولا كۆك بوون لەسەر كەمكردنەوەی ڕۆتین لە كاروبارەكان‌ و پێشكەش كردنی ئاسانكاری‌ و خزمەتگوزارییە هاتووچۆییەكان بۆ هاووڵاتیان.