توركیا ئاسانكاری بۆ بازرگانانی ھه‌رێمی كوردستان ده‌كات

بڕیاره‌ سبه‌ی دووشه‌ممه‌، شاندێكی بازرگانی توركیا سه‌ردانی ھه‌رێمی كوردستان بكات و زنجیره‌یه‌ك دیداری بازرگانی ئه‌نجام بدات.

له‌مباره‌یه‌وه‌ به‌ڕێوه‌به‌ری راگه‌یاندن له‌ لقی ھه‌ولێری یه‌كێتیی ھاورده‌ و ناردنكارانی ھه‌رێمی كوردستان، ھێرش سادق راگه‌یاند كه‌ سبه‌ی دووشه‌ممه‌ شاندێكی بازرگانی كه‌ پێكھاتوون له‌ كۆنسولخانه‌ی توركیا له‌ ھه‌ولێر، ده‌سته‌ی گومركی توركیا و نوێنه‌ری وه‌زاره‌تی بازرگانیی توركیا سه‌ردانی لقی ھه‌ولێری یه‌كێتیی ھاورده‌ و ناردنكارانی ھه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن.

ھێرش سادق له‌ لێدوانێكیدا گوتی: ئامانجی سه‌ردانه‌كه‌ توند و تۆڵكردنی په‌یوه‌ندییه‌ بازرگانییه‌كانه‌، به‌تایبه‌ت كه‌ له‌ ماوه‌ی رابردوودا، به‌ھۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا و رێوشوێنه‌ ته‌ندروستییه‌كان، تۆزێك سستی كه‌وتبووه‌ كه‌رتی بازرگانی و له‌م چوارچیوه‌یه‌شدا، توركیا به‌ھۆی ئه‌وه‌ی كه‌ دراوسێی ئێمه‌یه‌ و زۆرترین بازرگانیمان له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاته‌دا ھه‌یه‌، بۆیه‌ سبه‌ی شانده‌كه‌ دوایین پێشھاته‌ بازرگانییه‌كان تاوتوێ ده‌كات.

به‌ڕێوه‌به‌ری راگه‌یاندن له‌ لقی ھه‌ولێری یه‌كێتیی ھاورده‌ و ناردنكارانی ھه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد كه‌ توركیا ھه‌ندێك ئاسانكاری بۆ بازرگانانی ھه‌رێمی كوردستان كردووه‌ كه‌ له‌ئێستادا بازرگانان ده‌توانن به‌ ناسنامه‌ی یه‌كێتیی ھاورده‌ و ناردنكارانی ھه‌رێمی كوردستان و به‌ ئۆتۆمبێلی خۆیان سه‌ردانی توركیا بكه‌ن، له‌م سه‌ردانه‌شدا كۆمه‌ڵێك ئاسانكاری دیكه‌ی ھاوشێوه‌ ده‌كرێت .