پۆلیسی هه‌ولێر ده‌ستگیركردنی دوو تۆمه‌تباری ڕاگه‌یاند

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی هه‌ولێر له‌ ڕاگه‌ێندراوێكدا ڕیگه‌یاند: له‌ لایه‌ن به‌شی پۆلیسی نه‌هێشتنی تاوانی خه‌بات، دوو تۆمه‌تبار به‌تۆمه‌تی دزیكردن له‌ ماڵێك ده‌ستگیركران.

ڕاشیگه‌یاندووه‌: تۆمه‌تباره‌كان هه‌ڵساون به‌ دزینی بڕی 2900 دۆلاری ئه‌مریكی و بڕی ملیۆنێك و 150 هه‌زار دینار و شه‌ش تاك بازنی زێڕ و سێ مۆبایلی زیره‌ك له‌ ماڵی هاووڵاتییه‌ك.

پۆلیسی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه‌  كه‌ دوای كه‌متر له‌یه‌ك كاتژمێر دوو تۆمه‌تبار به‌ ناوه‌كامنی (س،ح،م) و(ه،م،ح) ده‌ستگیركران و پاش ده‌ستگیركردنیشیان دانیان به‌ تاوانه‌كه‌یاندا ناوه‌ و به‌ پێی مادده‌ی 443 له‌ یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراون و ڕاده‌ستی دادگا كراون.