ژمارەیەک جوتیار داوایه‌كیان ئاراسته‌ی وه‌زیری كشتوكاڵ كرد

ژمارەیەک جوتیار لە بەردەم وەزارەتی کشتوکاڵ دژی هاوردەکردنی پەتاتە لە وڵاتانەوە گردبوونه‌وه‌یه‌كان ئەنجامدا، داوایان له‌ وه‌زیری كشتوكاڵ كرد، هاورده‌كردنی په‌تاته‌ رابگرێت.

ئه‌مڕۆ پێنج شه‌ممه‌ 24-9-2020، بەشێكی جووتیارانی خاوەن كێڵگەی پەتاتە له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌به‌رامبه‌ر ساغنه‌بوونه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كانیان و هاورده‌كردنی به‌رهه‌می قاچاغ له‌به‌رده‌م وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ گردبوونه‌وه‌و داوایان له‌بێگه‌رد تاڵه‌بانی وه‌زیری كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاوی هه‌رێم كرد، رێگری له‌هاورده‌كردنی به‌رهه‌می قاچاغ بكرێت.

ژماره‌یه‌ك له‌جوتیاران ڕاگەیاند، تەنها داواكاری ئێمە قەدەغەكردنی هاتنی بەرهەمە كشتووكاڵیەكانە بەتایبەت پەتاتە بەشێوەی قاچاغ لەدەروازە سنوورییەكان.

جوتیاران بەشێكی بەرهەمی پەتاتەیان فڕێدایە سەر شەقامی سەرەكیی بەردەم وەزارەتی كشتوكاڵ، شه‌قامه‌كانیان داخست.

به‌شێك له‌ جوتیاران له‌به‌رده‌م وه‌زیری كشتوكاڵ رایانگه‌یاند: ئێمه‌ بە بەڵگەی ڤیدیۆیی لامانه‌، پەتاتە لە هەردوو مەرزی باشماخ و پەروێزخانەوە بە قاچاخ هاوردە دەكرێ.

ئه‌و جوتیارانه‌ داوایان له‌ وەزیری كشتوكاڵ كرد، لیژنەیەكی وردبینی بنێرێتە عەلوەكان، تا بۆی ڕوون بێتەوە كە پەتاتە بە قاچاخ هاتووه‌ بوونی هەیە یان نا.

له‌ به‌رامبه‌ردا بێگەرد تاڵەبانی وه‌زیری كشتوكاڵ رایگه‌یاند: هه‌ر ئه‌مڕۆش نوسراوێك بۆ داواكاری گشتی هه‌رێم ده‌كه‌ین تا رێوشوێنی یاسایی به‌رامبه‌ر ئه‌و خاڵه‌ سنووریانه‌ بگیرێته‌به‌ر كه‌ به‌رهه‌می قاچاغی لێوه‌ هاورده‌ ده‌كرێت.

بێگەرد تاڵەبانی  گوتیشی: ئه‌و په‌تاته‌یه‌ی به‌قاچاغ هاورده‌ كراوه‌ وه‌ك وه‌زاره‌ت رێوشوێنی یاساییمان گرتوه‌ته‌به‌رو ده‌ستمان به‌سه‌ر به‌رهه‌مه‌كه‌دا گرتووه‌.