یەكێتی تۆپی پێی ئەوروپا ناوی ئەو یاریزان و ڕاهێنەرانەی ئاشكراكرد كە بۆ نازناوی باشترین یاریزان و ڕاهێنەر پاڵێوراون

بۆ وەرزی 2019 -2020


یەكێتی تۆپی پێی ئەوروپا یوفا ناوی ئەو یاریزان و ڕاهێنەرانەی ئاشكراكرد كە بۆ نازناوی باشترین یاریزان و ڕاهێنەری كیشوەری ئەوروپا بۆ وەرزی 2019 -2020 پاڵێوراون

 یوفا لە ماڵپەڕی فەرمی خۆی لە تۆڕی ئینتەرنێت ڕایگەیاند كە هەرسێ‌ یاریزان كیڤن دی بروینی بەلجیكی لە یانەی مانچستەرسیتی و ڕۆبێرت لیڤاندۆڤسكی پۆڵەندی ئەستێرەو گۆڵكاری یانەی بایرن میونشن و مانوێل نۆیەری ئەڵمانی و گۆڵپارێزی هەمان یانە بۆ وەرگرتنی خەڵاتی باشترین یاریزانی وەرزی ڕابردووی ئەوروپا پاڵێوراون

 هاوكات هەرسێ‌ ڕاهێنەری ئەڵمانی هانز فلیك ڕاهێنەری یانەی بایرن میونشن و یۆرگن كلۆپ ڕاهێنەری یانەی لیڤەرپول و یولیان ناگلسمان ڕاهێنەری یانەی لایپزیگ بۆ وەرگرتنی خەڵاتی باشترین ڕاهێنەری وەرزی ڕابردووی ئەوروپا پاڵێوراون، خەڵاتەكانیش لە ڕێوڕەسمی ڕاكێشانی تیروپشكی قۆناغی كۆمەڵەكانی وەرزی نوێی چامپیۆنس لیگ لە یەكی مانگی داهاتوو پێشكەش دەكرێت

 جێگای باسە هانز فلیك نازناوی خول و جامی ئەڵمانیاو خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپای لەگەڵ بایرن میونشن بردەوەو یۆرگن كلۆپ نازناوی پرێمەرلیگی لەگەڵ لیڤەرپول بەدەستهێناو یولیان ناگلسمانیش لایپزیگی گەیاندە قۆناغی پێش كۆتایی چامپیۆنس لیگ