Erbil 15°C پێنجشەممە 28 ئازار 11:59

ئەنجومەنی باڵای فەتوا: سوتاندنی گیانداران بە زیندوویی بە هیچ شێوەیەک دروست نیە

کوردستان TV
100%


دوای بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە تێیدا لە دەشتاییەک و کۆمەڵە کەسێک کە بەزمانی کوردی قسە دەکەن و تەواو نازاندرێ شوێنەکە کوێیە، کۆمەڵێک جووچکەی مریشک کە لەناو کۆمەڵە پلاسکۆیەک دان نەوتی پێدادەکەن و بە زیندوویی دەیانسوتێنن، ئەو هەنگاوەش کاردانەوەی زۆری لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان بەدوای خۆیدا هێنا.


لە کاتێکدا ئەو جۆرە حاڵەتانە بۆ کۆمەڵگەییەکی وەک کوردستان شتی نامۆو پێچەوانەی بەها شەرعی و کۆمەڵایەتیەکانە، لەهەمان کات کارێکی نەشیاوی ناویژدانی و تاوانیشە.


سەبارەت بەم دیاردەیەو حوکمی شەرعی بۆ بکەرانی ئەو جۆرە کارانە  د. حه‌سه‌ن موفتی سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای فەتوای هه‌رێمی كوردستان بە سایتی زانایانی راگەیاند: لەبەر ئەوەی پێشتر ئەنجومەنی باڵای فەتوا لە فەتوایەکی تایبەتدا حوکمی سوتاندنی گیانلەبەرانی روون کردۆتەوەو بەپێی دەقی فەرموودە به‌ هێچ شێوه‌یه‌ك دروست نییه‌ هیچ گیاندا‌رێك به‌ زیندوویی بسووتێندرێت، ئێمە تەئکید لەو فەتوایەی پێشوتر دەرکراوە دەکەینەوە.


سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای فەتوا راشیگەیاند: داوا لە هاوڵاتیان دەکەین چیتر ئەو جۆرە حاڵەتانە دووبارە نەکەنەوەو خۆیان بەدوور بگرن لەو تاوانە، هەروەک داواش لە حکومەت و لایەنی پەیوەندار دەکەین رێکاری پێویست و یاسایی بەرامبەر ئەو کەسانە بگرنە بەر کە ئەو جۆرە کارانە ئەنجام دەدەن.

 

 

 

شوان عه‌زیز

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.