جەیمس جێفری لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی كۆده‌بێته‌وه‌

به‌پێ راگه‌یه‌ندراوێكی دەرەوەی ئەمریکا هاتووه‌، جەیمس جێفری له‌ هه‌ولێر له‌گه‌ڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، كۆده‌بێته‌وه‌.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایدەگەیێنێت، جەیمس جێفری، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش و نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا لە هەولێر لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکیدا لەبارەی سەردانەکەی جێفری نووسیویەتی، جەیمس جێفری و بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستانی عێراق باس لە هاوئاهەنگییە بەردەوامەکان بۆ دڵنیابوونەوە لە تێکشکاندنی یەکجاریی داعش لە عێراق و  سووریا و هەوڵە بەردەوامەکان بۆ سەقامگیری لە ناوچە ئازادکراوەکان دەکەن.

جەیمس جێفری، بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، جەخت لە پاڵپشتییە بەردەوامەکان بۆ هێزە ئەمنییەکانی عێراق، لەوانەش پێشمەرگە لە شەڕی دژی داعش دەکاتەوە و پابەندبوونی ئەمریکا بۆ عێراقێکی بەهێز، خاوەن سەروەری و خۆشگوزەران دووپاتدەکاتەوە.