ئەنجومەنی باڵای فەتوای هه‌رێمی كوردستان زه‌كاتی ماڵی بازرگانی ڕوون دەکاتەوە


ئه‌نجومه‌نی باڵای فه‌توای هه‌رێمی كوردستان له‌راگه‌یاندراوێكدا بڵاوی كرده‌وه‌ كه‌به‌ئاماده‌بوونى ته‌واوی ئه‌ندامان كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌ن به‌رێوه‌چوو وچه‌ند بابه‌تێكی گرنگ تاوتوێ كرا

ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ رایده‌گه‌ێنێت هه‌ر له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا  فه‌توای بابه‌تی (زه‌كاتی ماڵی بازرگانی)شی ڕاگه‌یاند، كه‌ پێشتر له‌لایه‌ن ته‌واوی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نه‌وه‌ خوێندنه‌وه‌ی كۆتایی بۆ كرا بوو به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌:


فەتوایەکە خۆی لەچەند تەوەرێک دەبینێتەوەو وڵامی چەندین پرسیاری تێدایە، کە ئەمرۆ بۆ بەشێکی هاوڵاتیان بۆتە جێی پرسیارو چاوەرێ بوون فەتوایەک لەو بارەوە رابگەیەەندرێت.


لە كورته‌ی فه‌تواكه‌ هاتووە: زه‌كات له‌ ماڵ وكه‌لوپه‌ل وكاڵای بازرگانی  وه‌ك: ده‌ست مایه‌و كه‌لوپه‌ل وكاڵای دوكان، سۆپه‌ر ماركێت، پێشانگه‌كانی جل وبه‌رگ و ئۆتۆمۆبیل و.. هتد، و هه‌ر كاڵایه‌كی دیكه‌ كه‌ به‌ نیه‌تی بازرگانی كڕین و فرۆشتنی پێوه‌ بكرێت واجبێكی شه‌رعیه‌.


ئاماژە بەوەش کراوە: زه‌كات له‌ ماڵی بازرگانیدا به‌م مه‌رجانه‌ واجب ده‌بێت:


أ. بگاته‌ ئه‌ندازه‌ی زه‌كات، كه‌ نرخی بیست مسقاڵ زێڕه‌.


ب. ساڵێكی ته‌واو به‌سه‌ر ئه‌و ماڵ یان كاڵایانه‌دا تێپه‌ڕ ببێت.


هەروەها هاتووە: پێویسته‌ كه‌ ساڵ ته‌واو بوو بازرگان ئه‌وه‌ی له‌ ژێر ده‌ستیدا هه‌یه‌ له‌ دوكانه‌كه‌ یان ماڵه‌ بازرگانییه‌كه‌یدا بیقرسێنێ به‌ نرخی وه‌خت نه‌ك ئه‌و نرخه‌ی كه‌ پێی كڕیوه‌، ئینجا ڕێژه‌ی (%2.5) له‌ سه‌دا دوو نیوی لێ بدات به‌ زه‌كات.


لە برگەیەکی تر باس لەوە کراوە: پێویسته‌ بازرگان پاش تێپه‌ڕبوونی ساڵێكی ته‌واو زه‌كاته‌كه‌ی بدات له‌ سه‌رجه‌می نرخی كاڵاكانی دوكانه‌كه‌ یان ماڵه‌ بازرگانییه‌كه‌ی (ئه‌وه‌ی هی خۆیه‌تی یان ئه‌وه‌ی به‌قه‌رز هێناویه‌تی)، بێ گوێدانه‌ قه‌رزه‌كان، چونكه‌ ئه‌و ماڵه‌ی كه‌ كڕاوه‌ وئه‌و ماڵه‌ش كه‌ به‌قه‌رز هێناویه‌تی وله‌ دوكانه‌كه‌یدا هه‌یه‌ ئه‌وه‌ هه‌مووی موڵكی خۆیه‌تی.


ئەوەشی روون کردۆتەوە کە: هه‌ر ماڵ و كه‌لوپه‌لێك به‌ قه‌رز یان به‌ حازر كڕدرابێت پێش كاتی سوڕانه‌وه‌ی ساڵی (حول)ی ئه‌و ماڵه‌ی كه‌ پێشتر هه‌یه‌تی، ئه‌وه‌ زه‌كات له‌و ماڵه‌ نوێیه‌ فه‌رز نابێت تا ساڵێكی ته‌واو به‌سه‌ر كڕینه‌كه‌یدا تێپه‌ڕنه‌بێت، واته‌: حه‌ولی له‌گه‌ڵ حه‌ولی ماڵه‌ بازرگانیه‌ كۆنه‌كه‌دا جودایه‌و پێكه‌وه‌ نیه‌، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی عورفی بازرگانی گۆڕاوه‌ و زه‌حمه‌ته‌ بتوانێ بۆ هه‌ریه‌كێك له‌ ماڵه‌ كۆن و تازه‌كه‌ حه‌ولی جودا حیساب بكات، بۆیه‌ پێمان باشه‌ تا بكرێت زه‌كاتی هه‌ردووكیان به‌ حیسابی حه‌وله‌ كۆنه‌كه‌ له‌ یه‌ك كاتدا بدات.


لە بەشێکی تری هاتووە: ئه‌گه‌ر كاڵایه‌ك به‌ ساغ كردنه‌وه‌ (تصریف) درابوو به‌ كه‌سێكی دوكاندار یا هه‌ركه‌سێكی دیكه‌ به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ ئه‌گه‌ر بۆی نه‌فرۆشرا خاوه‌نه‌كه‌ی لێی وه‌رده‌گرته‌، ئه‌وه‌ زه‌كاتی ئه‌و  كاڵایه‌ ته‌نها له‌سه‌ر خاوه‌نه‌كه‌ی پێویست ده‌بێت به‌ مه‌رجه‌كانی پێشوو، و له‌سه‌ر سه‌رفكه‌ره‌كه‌ واجب نابێت.

1


دارشتنه‌وه‌ى هه‌واڵ - شوان عه‌زیز