گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران: ئه‌مریكا له‌و ده‌نگۆیانه‌ی بانگه‌شه‌یان بۆ ده‌كات به‌ ته‌نهایه

گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران، ده‌ڵێت: ئه‌مریكا لایه‌نی هه‌ڵه‌ی مێژووی هه‌ڵبژارد و ئه‌ركی خۆی له‌بیر چووه‌وه‌.

سەعید خه‌تیبزاده‌ ،گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران، سه‌باره‌ت به‌ سه‌پاندنه‌وه‌ی سزاكان به‌سه‌ر ئێراندا له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌، رایگه‌یاند كه‌ ئه‌مریكا له‌و ده‌نگۆیانه‌ی بانگه‌شه‌یان بۆ ده‌كات به‌ ته‌نهایه‌. 

سەعید خه‌تیبزاده‌ له‌باره‌ی سه‌پاندنه‌وه‌ی سزاكانی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان به‌سه‌ر ئێران له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ كه‌ له‌ میانی رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ له‌سه‌ر وڵاته‌كه‌ی هه‌ڵگیرابوون به‌ میدیاكارانی راگه‌یاند "ئه‌مریكا لایه‌نی هه‌ڵه‌ی مێژووی هه‌ڵبژارد و ئه‌ركی خۆی له‌بیر چووه‌وه‌. ئه‌مریكا له‌و ده‌نگۆیانه‌ی بانگه‌شه‌یان بۆ ده‌كات به‌ ته‌نهایه‌. وێڕای ئه‌وه‌ی له‌ ناوه‌ندی هێز دایه‌، كه‌چی ئه‌مریكا هێنده‌ ته‌نها ماوه‌ته‌وه‌. ئه‌مه‌ش ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هێزی ئه‌مریكا چه‌ند هیچه‌". 

گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران داوای له‌ ئه‌مریكا كرد كه‌ به‌شدار ببێته‌وه‌ له‌نێو كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تیدا و بۆ ئه‌ركی خۆی بگه‌ڕێته‌وه‌ و گوتی: "ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا واز له‌ یاخیبوون بهێنێت، كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تیش ئه‌و قبوڵ ده‌كات. وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا، مایك پۆمپیۆ جیهانێكی خه‌یاڵاوی بۆ خۆی دروست كردووه‌. له‌و رۆژه‌وه‌ی پۆمپیۆ چووه‌ته‌ ناو جیهانی لێوانلێو له‌ خۆفریودانه‌وه‌، ئاسایش نه‌هاتووه‌ته‌ دی. جیهان به‌ هه‌نگاوه‌كانی ئه‌مریكا جگه‌ له‌ نه‌بوونی ئاسایش، ناسه‌قامگیری و جه‌نگ چی دیكه‌ی نه‌بینیووه‌". 

ئه‌م لێدوانه‌ی گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران، دوای ئه‌وه‌ دێت كه‌ ئیداره‌ی ئه‌مریكا جارێكی دیكه‌ ئه‌و سزایانه‌ی به‌سه‌ر ئێراندا سه‌پاندنه‌وه‌ كه‌ له‌ میانی رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی له‌گه‌ڵ ئێران، ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ڵی گرتبوون.