روونکردنەوەیەک له‌ گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان روونكردنه‌وه‌یه‌كی راگه‌یاند و ده‌ڵێت:ئه‌وانه‌ی كه چاویان به‌ کار و پڕۆژە خزمه‌تگوزارییه‌كانی كابینه‌ی ئێستا هه‌ڵنایه‌ت، به‌ لێدوانی چه‌واشه‌كارانه‌ هه‌وڵی به‌لارێدا بردنی رای گشتی  ده‌ده‌ن.

د. جوتیار عادل، گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند: کابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ماوه‌ی یه‌ك ساڵی ته‌مه‌نیدا، چه‌ندین پرۆژه‌ی گرنگی رێگاوباون له‌ ناوچه‌ جیاوازه‌كانی هه‌رێمی كوردستان جێبه‌جێ كردووه‌.

هه‌روه‌ها گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ڵێت: ئه‌وانه‌ی كه چاویان به‌ کار و پڕۆژە خزمه‌تگوزارییه‌كانی كابینه‌ی ئێستا هه‌ڵنایه‌ت، به‌ لێدوانی چه‌واشه‌كارانه‌ هه‌وڵی به‌لارێدا بردنی رای گشتی و خراپ به‌كارهێنانی سۆز و عاتیفه‌ی هاووڵاتییان سه‌باره‌ت به‌ رووداوه‌كانی هاتووچۆ ده‌ده‌ن.

د. جوتیار عادل  روونیكردۆته‌وه‌ كه‌ به‌ پێی ئاماره‌كانی وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و نیشته‌جێكردن، له‌ مانگی ته‌مووزی ساڵی 2019 تا ته‌مووزی 2020، (22) پرۆژه‌ی رێگاوبان به‌ بوودجه‌ی (110,791,000,000) دینار جێبه‌جێكراون.

هه‌روه‌ها وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌  سه‌رپه‌رشتیی (69) پرۆژه‌ی بەردەوامی رێگاوبان ده‌كات كه‌ به‌ بوودجه‌ی (2,475,868,000,000) دینار جێبه‌جێ ده‌كرێن.

هاوكات (2,437,072) پرۆسه‌ی كێش كردن له‌ وێستگه‌كانی كێش له‌ پارێزگاكانی هه‌ولێر، سلێمانی، دهۆك و هه‌ڵه‌بجه‌ و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكانی گه‌رمیان و راپه‌رین جێبه‌جێكراون.

گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان  ئاماژه‌ی بۆ ئه‌مه‌ش كردووه‌ كه‌ وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و نیشته‌جێكردن له‌ هه‌ڵمه‌تی خێرای چاككردنه‌وه‌ی رێگاوبانه‌كانی نێوان شاره‌كان له‌ ماوه‌ی (70) رۆژدا، (79) پرۆژه‌ به‌ به‌های زیاتر له‌ (42) ملیار دینار له‌ هه‌ولێر، سلێمانی و دهۆك جێبه‌جێ كردووه.

جوتیار عادل روونیشیكردۆته‌وه‌ كه‌ وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار ته‌نیا له‌ به‌شی رێگاوباندا، به‌شی كۆتایی پرۆژه‌ی ستراتیژیی 120 مه‌تری هه‌ولێر له‌ نێوان رێگای سەرەکیی هەولێر و مووسڵ تا رێگای هەولێر کەرکوک بە گوژمەى زیاتر لە 88 ملیۆن دۆلار جێبه‌جێ كردووه. شه‌قامی بارزانی له‌ دهۆك به‌ پرۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانییه‌وه‌ به‌ به‌های 69 ملیار دینار جێبه‌جێ كراوه‌. هه‌ردوو پرۆژه‌ی 150 مه‌تری هه‌ولێر و 100 مه‌تری سلێمانیش له‌ جێبه‌جێكردندان.

هه‌روه‌ها گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ڵێیت: حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌ره‌ڕای بارودۆخی سه‌ختی دارایی و په‌تای ڤایرۆسی كۆرۆنا، به‌پێی توانایی خۆی له‌ پرۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانی بواری رێگه‌وبان به‌رده‌وام بووه و به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك له‌ به‌رنامه‌ و پلانه‌ راگه‌یاندراوه‌كانی بۆ پێشخستن و به‌رفراوانكردنی رێگاوبانه‌كانی هه‌رێم سڵ ناكاته‌وه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هاوسه‌نگی له‌ پرۆژه‌ جیاوازه‌كانی نێشته‌جێبوون، رێگاوبان، ئاو و كاره‌با و خزمه‌تگوزارییه‌ گشتییه‌كانی دیكه‌ له‌ ته‌واوی ناوچه‌ جیاوازه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌دی دینێت.

له‌ كۆتایی روونكردنه‌وه‌كه‌دا جوتیار عادل ده‌شڵێت: لە هەرێمی كوردستان، ئەگەر چی هێشتا هێلی شەمەندەفەر نییە، بەڵام بەرێگای قیڕتاو و نۆژەنکراودا هاتووچۆ دەکەین.