سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و جێگرى سه‌رۆك وه‌زیران كۆبوونه‌وه‌

نێچیرڤان بارزانى و قوباد تاڵه‌بانى، دۆخی سیاسی و ئابووری و هه‌نگاوه‌كانى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى په‌تاى ڤایرۆسى كۆرۆنا، چه‌ند ته‌وه‌رێكى دیكه‌یان تاوتوێكرد.
 
پاشنیوه‌ڕۆى ئەمڕۆ چوارشەمە 16/9/2020 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ به‌ڕێز قوباد تاڵه‌بانى، جێگرى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان كرد.

لە کۆبوونەوه‌یەکەدا كه‌ به‌ڕێزان جێگرانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌ى بوون، به‌ڕێز جێگرى سه‌رۆك وه‌زیران پوخته‌یه‌كى ده‌رباره‌ى دوایین بەرەوپێشچوونەکانی گفتوگۆى هەولێر ـ بەغدا پێشكه‌ش كرد و جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرایه‌وه‌ كه‌ هەرێمی کوردستان پابەند دەبێت بەوەی هەموو ‌ کێشە هەڵپەسێردراوەکان لەگەڵ بەغدا له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور چاره‌سه‌ر بكات.

دۆخی سیاسی و ئابووری و هه‌نگاوه‌كانى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى په‌تاى ڤایرۆسى كۆرۆنا، چه‌ند ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو كه‌ تیایدا به‌ڕێزان سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و جێگرى سه‌رۆك وه‌زیران جەختیان لەسەر پێویستیی هەماهەنگیی زیاتری نێوان لایە‌نە‌كان و ته‌بایى بۆ تێپه‌ڕاندنى كێشه‌ و قه‌یرانه‌كان كرده‌وه‌.