دكتۆر ئه‌رشه‌د حاجی : پێویسته‌ لایه‌نی سێیه‌م له‌ رێككه‌وتنی نێوان هه‌رێم و به‌غدا بوونی هه‌بێت

به‌غدا به‌رده‌وام له‌ به‌لێنه‌كانی پاشگه‌ز ده‌بێته‌وه‌

له‌ میانه‌ی به‌شداربوونی له‌ به‌رنامه‌ی رۆژه‌ڤی كوردستان سه‌باره‌ت به‌ پرسی كێشه‌كانی هه‌رێم و به‌غدا هۆكارو چاره‌سه‌ر دكتۆر ئه‌رشه‌د حاجی مامۆستای زانكۆ رایگه‌یاند كه‌ هۆكاری سه‌ره‌كی چاره‌سه‌رنه‌كردنی كیشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا ده‌گه‌ریته‌وه‌ بۆ پابه‌ند نه‌بوونی به‌غدا و په‌شیمان بوونه‌وه‌ له‌ به‌لێنه‌كانی ، به‌تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ ده‌بینرێت له‌ ساڵانی رابردوو پێشكه‌وتنێكی به‌رچاو هه‌یه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌به‌راورد له‌ گه‌ڵ به‌شه‌كانی دیكه‌ی عێراق  ، ئه‌وه‌ش وای كردووه‌ دژایه‌تی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن .

روونیشیكرده‌وه‌ كه‌ رێككه‌وتنه‌كان كاتێك  ئه‌نجام ده‌درێن لایه‌نی سێیه‌م و نێوده‌وڵه‌تی له‌ گه‌ڵ نییه‌ ، چونكه‌ به‌شداربوونی لایه‌نی سێیه‌م وا ده‌كات كه‌ به‌غدا نه‌توانێ پاشگه‌ز ببته‌وه‌ له‌و به‌ڵێنانه‌ی كه‌ ده‌یدات یان له‌و رێككه‌وتنه‌ی كه‌ واژووی ده‌كات . هه‌روه‌ها خاڵێكی دیكه‌ هه‌یه‌ كه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق كه‌ كه‌سی یه‌كه‌مه‌ له‌ وڵات ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی نیه‌ كه‌ رێككه‌وتن واژوو بكات چونكه‌ ئه‌ویش كه‌وتۆته‌ ژێر هه‌ژموونی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و هه‌روه‌ها وڵاتانی دیكه‌ی ناوچه‌كه‌ ، كه‌ ناهیڵن وه‌كو پێویست بڕیار بدات .

سه‌باره‌ت به‌ پرسی ده‌ستووریش ئاماژه‌یدا كه‌ ئه‌وانه‌ی ده‌لێن له‌ ژێر فشار نووسراوه‌ته‌وه‌ ، بۆ له‌ هه‌ندێ خاڵ وه‌ك ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان كیشه‌یان نییه‌ ؟ واتا ئه‌وه‌ی له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌وان بێت كیشه‌ نانێنه‌وه‌ ، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی ماف و چاره‌نووسی هاووڵاتیانی كوردستانی تیایه‌ ئه‌وا پاشه‌كشه‌ی لێ ده‌كه‌ن .

دكتۆر ئه‌رشه‌د حاجی ئه‌وه‌ی خسته‌ روو كه‌ پێویسته‌ ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كانی كورد له‌ عێراق هه‌موو ئه‌و كه‌موكوڕی و كیشانه‌ی رووبه‌رووی به‌غدا ده‌بنه‌وه‌ له‌ گه‌نده‌ڵی بخه‌نه‌ روو و شه‌قامی عێراق بجولێنن ، نه‌ك پشتیوانی لایه‌نه‌كانی دیكه‌ی عێراقی بكه‌ن و دژی هه‌رێمی كوردستان لێدوان بده‌ن و كاریگه‌ری نه‌رێنی بكه‌نه‌ سه‌ر شه‌قامی كوردستانی .