دانا شه‌هيد جه‌زا : تا ئێستا حكومه‌تێكى موئه‌سه‌ساتى له‌ عێراق نیه‌

پێويسته‌ ئه‌و دانوستانانه‌ی هه‌رێم و به‌غدا له‌ رێگه‌ی ده‌ستوور چاره‌سه‌ر بكرێت

 دانا شه‌هید جه‌زا ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق سه‌ر به‌ فراكسیۆنی پ د ك له‌ میانه‌ی به‌شداریكردن له‌ به‌رنامه‌ی رۆژه‌ڤی كوردستان سه‌باره‌ت به‌ پرسی كیشه‌كانی نێوان هه‌رێم به‌غدا و هه‌نگاوه‌كان بۆ چاره‌سه‌ركردنی رایگه‌یاند:

ئه‌و دانوستانانه‌ی هه‌رێم و به‌غدا پێویسته‌ له‌ رێگه‌ی ده‌ستوور چاره‌سه‌ر بكرێت به‌ شێوه‌یه‌كی ریشه‌یی ، نابێت ئه‌و بابه‌تانه‌ به‌رده‌وام قسه‌و باسی له‌ سه‌ر بكرێت وه‌ك مووچه‌ و شایسته‌ داراییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان و هه‌رێم ، هه‌روه‌ها پرسی مووچه‌ی پێشمه‌رگه‌ و مافی جوتیاران و ناوچه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم و چه‌ندین دۆسیه‌ی دیكه‌ ، به‌ڵكو پێویسته‌ له‌ رێگه‌ی ده‌ستوور و یاسا به‌ شێوه‌یه‌كی هه‌میشه‌یی و ریشه‌یی چاره‌سه‌ر بكرێت .

روونيشيكرده‌وه‌ كه‌ هۆكاری چاره‌سه‌رنه‌كردنی ئه‌و كیشانه‌ش بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌رێته‌وه‌ كه‌ حكومه‌ته‌ یه‌ك له‌ دوای یه‌كه‌كانی عێراق نایانه‌وێت بچنه‌ ژێر باری ده‌ستوور و یاسا و پابه‌ند بن ، به‌ڵكو یاری به‌ كات ده‌كه‌ن ، هه‌روه‌ها تا ئێستا حكومه‌تێكی موئه‌سه‌ساتی نیه‌ له‌ عێراق . هه‌ر یه‌كێك حكومه‌ت وه‌رده‌گرێت له‌ عێراق هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت له‌ سه‌ره‌تاوه‌ دووباره‌ ده‌ست به‌ دانوستان بكات ، واتا مامه‌ڵه‌ له‌ گه‌ڵ كه‌سه‌كان بكات .

ئاماژه‌ي به‌وه‌شدا كه‌ پێویسته‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌وڵ بدات له‌ گه‌ڵ  سه‌رجه‌م قه‌واره‌ شیعییه‌كان رێكبكه‌وێت و دواتر له‌ رێگه‌ی دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌ت و په‌رله‌مان بگاته‌ رێككه‌وتنێك كه‌ به‌ پێی ده‌ستوور ته‌واوی مافه‌كانی گه‌لی كوردستان ده‌سته‌به‌ر بكات و ئه‌و رێككه‌وتنه‌ش ریشه‌یی بێت هه‌ر حكومه‌تێك بێت له‌ ئاینده‌ دانی پیدابنێت .