نرخی بەرمیلێك نەوتی خاو گەیشتە 46 دۆلار و 28 سەنت

بەرمیلێك خاوی برێنت لە بازاڕەكانی جیهاندا، بە ٤٦ دۆلار و ٢٨سەنت مامەڵەی پێوە دەكرێت.

دوێنێ بەرمیلێك خاوی برێنت تا ٤٥ دۆلار و ٥٤ سەنت نزمبۆوە و رۆژەكەی بە ٤٥ دۆلار و ٦٤ سەنت تەواو كرد، بەڵام بەیانی ئەمڕۆ نرخی نەوت بەڕێژەی سەدا ١،٨ بەرزبوونەوەی بەخۆوەبینی و بە ٤٦ دۆلار و ٢٨ سەنت مامەڵەی پێوەكرا.

لە هەمان كاتدا بەرمیلێك خاوی رۆژئاوای تێكساس نرخەكەی گەیشتە ٤٣ دۆلار و ٤٣ سەنت.

دابەزینی خێرای یەدەگەكانی نەوت لە ئەمریكا هۆكارێكە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی ئەو سووتەمەنییە.

هەفتەی رابردوو، یەدەگەكانی نەوت لە ئەمریكا بەراورد بە هەفتەی پێش خۆی ٤،٧ ملیۆن بەرمیل كەمی كرد لە كاتێكدا وا چاوڕوان دەكرا یەدەگەكان تەنها ٣،٧ ملیۆن بەرمیل كەم بكات.

هەواڵەكان سەبارەت بە چارەسەركردنی كۆرۆنا و پێشهاتەكان لەبارەی درووستكردنی ڤاكسینی دژبەو ڤایرۆسە، هۆكارێكی دیكەی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتە.

هەروەها كەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی نەوت لە كەنداوی مەكسیك بەهۆی زریان و گەردەلوولەوە، كاریگەری بەرچاوی هەیە لەسەر نرخەكانی نەوت.

بەڕێوبەرایەتی پاراستن و ژینگە سەربە وەزارەتی ناوخۆی ئەمریكا رایگەیاند كە بەرهەمهێنانی نەوت و لە كەنداوی مەكسیك بەڕێژەی لەسەدا ٨٤،٣ كەمی كردووە و بەرهەمهێنانی غازی سروشتی لەو كەنداوەدا، بەڕێژەی لە سەدا ٦٠،٩٤ كەمبۆتەوە.