دیارده‌ی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی تیرۆركردنی چالاكوانانی مه‌ده‌نی حكوومه‌ته‌كه‌ی كازمی ده‌خاته‌ به‌رده‌م به‌رپرسیارییه‌تی

كۆمیسیۆنی باڵای مافه‌كانی مرۆڤ له‌ عێراق دا هۆشداری ده‌دات

كۆمیسیۆنی باڵای مافه‌كانی مرۆڤ له‌ عێراق هۆشداریی ده‌دات له‌ دووباره‌ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی تیرۆركردنی چالاكوانانی مه‌ده‌نی.

ئه‌م هۆشدارییه‌ دوای ئه‌وه‌ دێت كه‌  دوێنی هه‌ینی، چالاكوانی خۆپیشاندانه‌كان، ئوسامه‌ خه‌فاجی له‌ شوێنی كاره‌كه‌ی له‌ شاری به‌سڕه‌ باشووری عێراق له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك چه‌كداری نه‌ناسراوه‌وه‌ كوژرا.

كۆمیسیۆنی باڵای مافه‌كانی مرۆڤ له‌ عێراق له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌ كه‌ جه‌خت له‌ هۆشدارییه‌كانی پێشوویان ده‌كه‌نه‌وه‌ له‌باره‌ی دیارده‌ی تیرۆركردنی چالاكوانانی مه‌ده‌نی و كۆمیسیۆنه‌كه‌ ئه‌وه‌ی گه‌ڕاندووه‌ته‌وه‌ بۆ لاوازی ده‌زگای هه‌واڵگریی و كه‌می زانیاریی ئه‌منیی.

له‌ راگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا تیشكخراوه‌ته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ ئاشكرانه‌كردنی ئه‌وانه‌ی له‌ تیرۆركردنه‌كانی پێشوودا تێوه‌گلاون، هانی چه‌ته‌كانی داوه‌ ده‌ست به‌ دووباره‌ ئه‌نجامدانه‌وه‌ی تاوانه‌كانیان بكه‌ن.

كۆمیسیۆنه‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌ كه‌ ئه‌م پرسه‌ حكوومه‌ت و ده‌زگا ئه‌منییه‌كان ده‌خاته‌ به‌رده‌م به‌رپرسیارییه‌تی پابه‌ندبوون به‌ پاراستنی ئاسایشی هاووڵاتییان به‌ گشتیی و چالاكوانانی مه‌ده‌نی به‌ تایبه‌تی.

شایانی باسه‌ تا ئێستا مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، ته‌نانه‌ت نه‌یتوانیوه‌ بكوژانی هیشام هاشمی ،شرۆڤه‌كاری بواری ئاسایش ئاشكرا بكات، كه‌ كه‌سێكی نزیك بووه‌ لێی .