روحانی ترسی له‌ رێككه‌وتنی نێوان ئیمارات و ئیسرائیل دا هه‌یه‌

هیوادارین له‌م هه‌ڵه‌یان په‌شیمان ببنه‌وه‌

حه‌سن روحانی، سه‌رۆك كۆماری ئێران ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ هۆشداریدایه‌ ئیمارات له‌وه‌ی شوێن پێی ئیسرائیل له‌ناوچه‌كه‌دا ببێته‌وه‌.

روحانی له‌ ووتارێكیدا كه‌ ته‌له‌فزیۆنی ئێران بڵاویكرده‌وه‌و گوتی: ئیمارات هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌ی ئه‌نجامدا له‌ گه‌یشتنه‌ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ ئیسرائیل،ئه‌مه‌ش له‌به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌واندا نییه‌و هۆشدارییان ده‌ده‌ینێ له‌كردنه‌وه‌ی ده‌رگا به‌ رووی ئیسرائیل له‌ناوچه‌كه‌دا.

هه‌روه‌ها گوتی: ئاسایی كردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ئیمارات له‌گه‌ڵ ئیسرائیل هه‌نگاوێكی سه‌ركۆنه‌كراو خیانه‌تێكی گه‌وره‌یه‌ له‌هه‌مبه‌ر گه‌لی فه‌ڵه‌ستینی.

گوتیشی: ده‌سه‌ڵاتدارانی ئیمارات رێگایه‌كی هه‌ڵه‌یان گرتۆته‌به‌ر و هیوادارین له‌م هه‌ڵه‌یان په‌شیمان ببنه‌وه‌.

شایانی باسه‌ رۆژی پێنج شه‌ممه‌ دۆناڵد تره‌مپ،سه‌رۆكی ئه‌مریكا رایگه‌یاند: رێككه‌وتنێكی ئاشتی مێژوویی له‌نێوان ئیسرائیل و ئیمارات به‌ سه‌رپه‌رشتی ئه‌مریكا هاتۆته‌ كایه‌وه‌.

وه‌رگێڕان و داڕشتنه‌وه‌ی / رزگار