ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی ھه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر چۆنێتی دابه‌شكردنی مووچه‌ كۆده‌بێته‌وه‌

وه‌زاره‌تی دارایی چاوه‌ڕوانی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران ده‌كات

بڕیاره‌ كاتژمێر ١١ی پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌، ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی ھه‌رێمی كوردستان، به‌سه‌رپه‌رشتی مه‌سرور بارزانی، كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی خۆی ئه‌نجام بدات.

به‌ مه‌به‌ستی رێگه‌گرتن له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا و رێكاره‌كانی خۆپارێزی، كۆبوونه‌وه‌كه‌ له‌ رێگای ڤیدیۆ كۆنفڕانسه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌درێت و به‌پێی زانیارییه‌كانیش، كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران تایبه‌ت ده‌بێت به‌ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر چۆنێتیی دابه‌شكردنی مووچه‌ی مانگی ئاداری ئه‌مساڵ و بڕیار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌درێت كه‌ دابه‌شكردنی مووچه‌ مانگی ئادار وه‌ك مووچه‌ی مانگی شوبات به‌ بڕینی سه‌دا ٢١ ده‌بێت، یان مووچه‌ی ته‌واو دابه‌ش ده‌كرێت.

پێشتر به‌ فه‌رمانی وه‌زیری دارایی و ئابووریی ھه‌رێمی كوردستان، ئاوات جه‌ناب نوری نووسراوێك ئاراسته‌ی فه‌رمانگه‌كانی حكوومه‌ت كرابوو كه‌ لیستی مووچه‌یان به‌ بڕینی سه‌دا ٢١ بنێرن، به‌ڵام دواتر بڕیاره‌كه‌ راگیرا و چاوه‌ڕوانی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران ده‌كرێت.

رۆژی ٢١ی حوزه‌یرانی ٢٠٢٠ حكوومه‌تی ھه‌رێمی كوردستان بڕیارێكی له‌باره‌ی مووچه‌ی مانگی شوبات ده‌ركرد و به‌پێی بڕیاره‌كه‌ بوودجه‌ی سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ته‌كان سه‌دا ٢١ كه‌م كرایه‌وه‌.