هاوپه‌یمانان: هێزی پێشمه‌رگه‌ رۆڵی گه‌وره‌و گرنگیی هه‌یه‌ بۆ كۆتایی هێنان به‌ تیرۆریستان

شاندێكی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و هاوپه‌یمان كۆبوونه‌وه‌


جه‌نه‌ڕاڵ ستریكلاند، جێگری فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزی هاوپه‌یمانان له‌عێراق و سوریا بۆ كاروباری ستراتیژی، كۆتایی به‌ئه‌ركه‌كه‌ی هات و له‌هه‌فته‌ی داهاتوو ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ووڵاتی به‌ریتانیا.

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌دا هاتووه‌، ئه‌مڕۆ 11 ی ئابی 2020، شۆڕش ئیسماعیل، وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ئاماده‌بوونی سه‌ربه‌ست له‌زگین، بریكاری وه‌زاره‌ت و ئه‌مینداری گشتیی و سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ئه‌ركان، به‌ر له‌گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ ووڵاته‌كه‌ی، له‌گه‌ڵ جه‌نه‌ڕاڵ ستریكلاند، به‌یاوه‌ری تیمێكی باڵای ئه‌فسه‌رانی باڵای تیمی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژ به‌داعش كۆبۆوه‌.

له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، وه‌زیری پێشمه‌رگه‌، رایگه‌یاند: رۆڵی هاوپه‌یمانان له‌ هاوكاری و یارمه‌تیدانی ئێمه‌ یه‌كجار گرنگ و پڕبایه‌خه‌، بۆیه‌ خوازیاری به‌رده‌وامی ئه‌و هه‌ماهه‌نگییه‌ن تا ناوچه‌كه‌ به‌ته‌واوه‌تی له‌مه‌ترسی تیرۆر و تیرۆریستان پاكده‌كه‌ینه‌وه‌.
له‌سه‌ر كۆتایی هاتنی ئه‌ركی جه‌نه‌ڕاڵ ستریكلاند وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ ستایشی هه‌وڵه‌كانی ماوه‌ی رابردووی كرد و وتی: دۆستاییه‌تی و كاركردنمان له‌گه‌ڵ ئێوه‌ به‌شانازییه‌كی گه‌وره‌ ده‌زانین و سوپاسی هه‌ڵوێستتان ده‌كه‌ین له‌پێكه‌وه‌ پاراستنی ئاسایش و ئارامی ناوچه‌كه‌ و له‌ناوبردنی تیرۆریستانی داعش.

جێگری فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان له‌عیراق و سوریا، رایگه‌یاند: له‌ماوه‌ی ئه‌ركمدا له‌عیراق و هه‌رێم، شاهێدی ئازاییه‌تی و نه‌به‌ردی هێزی پێشمه‌رگه‌ بووم، شانازی به‌ئێوه‌ و خۆشمه‌وه‌ ده‌كه‌م كه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ توانیمان ئاشتی و سه‌لامه‌تی جیهان بپارێزین، له‌گه‌ڕانه‌وه‌شمدا له‌په‌یوه‌ندییه‌كانم له‌گه‌ڵ ئێوه‌ به‌رده‌وام ده‌بم.

له‌دیداری ماڵئاوایی جه‌نه‌ڕاڵ ستریكلاند: په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و وه‌زاره‌تی به‌رگری عیراق، پرسی پڕكردنه‌وه‌ی بۆشایی ئه‌منی، خۆرێكخستنه‌وه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌و پڕۆسه‌ی چاكسازی له‌وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌، گفتوگۆی له‌باره‌وه‌ كرا.