خاچی سووری لوبنانی: 142 كەس لە خۆپیشاندانەكان برینداربوون

گرژی لە نێوان پۆلیس و خۆپیشاندەران دروستبوو


لەدوای تەقینەوەکانی بەیروت، خۆپیشاندەرانی هاووڵاتیانی بەیروت دژی بەرپرسانی وڵات بەردوامە، به‌هۆی توندوتیژی خۆپیشاندەران و هێزه‌ ئه‌منیه‌كان بەسەدان کەس برینداربوون و سەرۆک وەزیرانیش داوایکرد هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجامبدرێت.

ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 2020/8/8 خۆپیشاندەرانی لوبنان داوای رۆیشتنی بەرپرسانیان لە دەسەڵات و گۆڕانکاری ریشەییان کردو هەزاران لوبنانی رژانە گۆڕەپانی شەهیدان لە ناوەڕاستی بەیروتی پایتەخت، خۆپشانده‌ران باڵەخانەی پەرلەمانیان بەردبارانکرد و دواییش چوونە نێو باڵەخانەی وەزارەتی دەرەوە، دواتریش خۆپیشاندەران هەڵیانکوتایە سەر یەکێتی بانقەکانی لوبنان، بەمەش گرژی لە نێوان پۆلیس و خۆپیشاندەران دروستبوو.

داواشیان کرد حوکمێکی دادپەروەرانە ئەوانە سزابدات کە دەستیان لە تەقینەوەکەی رۆژی سێشەممەی هەفتەی رابردوودا هەیە کە زیاتر لە 170 کەس كوژران و نزیكه‌ی پێنج هه‌زار كه‌یس برینداربووه‌.

بە وتەی خاچی سووری لوبنانی، 142 كەس لە خۆپیشاندانەكاندا بریندارن، 32یان گوازراونەتەوە نەخۆشخانە و كارمەندێكی ئەمنییش گیانی لەدەستداوە.

هاوکات حەسەن دیاب سەرۆک وەزیرانی لوبنان داوایکرد هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجامبدرێت و دۆخی سیاسی وڵات یەکلایبکرێتەوە.

لە وتارێکدا سەرۆک وەزیرانی لوبنان بەڵێنیشیدا لێکۆڵینەوەکان ڕاستی تەقینەوەکانی و ئەو کەسانەی بەرپرسن تێدا ئاشکرابکات و سزایان بدەن.

هه‌ر سەبارەت بە تەقینەوەکەی بەندەری بەیروت سەرۆک وەزیران گوتیشی: لە ئەنجامی گەندەڵی و خراپ ئیدارەدانی چەند ساڵە بووەو هەموو بەرپرسانی بەندەری بەیروت دەخرێنە ژێر لێپرسینەوە و ئەو کارەسانەتە بێ لێپیچینەوە تێناپەڕێت و لێكۆڵینەوەکان فراوانتر دەکرێن تاوەکو هەموو ئەوانە بگرێتەوە کە پەیوەندارن بە روودانی ئەو کارەساتە.

له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەبەیروتی پایتەختی لوبنان، لەپێگەی فەرمی خۆیان لەتۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نوسیویەتی: لوبنانییەکان ئازار و کێشەی زۆریان چێشتووه‌ و ماندوون، پێویستیان بەسەرکردەیەکە گوێیان لێبگرێت.