بەرپرسێكی باڵوێزخانەی کەنەدا: گرنگی تایبه‌ت بە ئاسایش و ئاشتی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان دەده‌ین

بەردەوام دەبین لە هاوکاریکردنی هەرێمی کوردستان


بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری باڵوێزخانەی کەنەدا سەردانی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموكراتى كوردستانی كرد 

خاتوو ئاشلی دۆرێک، بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری باڵوێزخانەی کەنەدا لە عێراق بە یاوەریی خاتوو یاسمین ئەلعەتیە، بەرپرسی سیاسی و پەیوەندییە گشتییەکانی نووسینگەی هەولێری باڵوێزخانەی کەنەدا لە عێراق سەردانی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستانیان کرد و لەلایەن هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەب و ژمارەیەک لە ستافی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) بە گەرمی پێشوازی کران.

هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) لە میانی پیشوازیکردن لە خاتوو ئاشلی دۆرێک، بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری باڵوێزخەنەی عێراق و بەرپرسی سیاسی و پەیوەندییە گشتییەکانی نووسینگەی باڵوێزخانەی کەنەدا لە هەرێمی کوردستان هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن لە کار و پڕۆژە و چالاکییەکانیان لە هەرێمی کوردستان و هەموو هاوکاری و هەماهەنگییەکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک)ی خستە ڕوو بۆ گەشەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی کەندا لە هەموو بوارەکاندا.

لە دیدارەکەدا بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) سوپاس و ستایشی پشتگیری و هاوکارییە مرۆیی و سیاسی و سەربازییەکانی گەل و حکوومەتی کەنەدای لە هەرێمی کوردستان کرد و دامەزراوەکانی دیموکراسی و بەتایبەتی لە گەیاندنی هاوکاریی سەربازی و مەشق و ڕاهێنان بە هێزەکانی پێسمەرگەی کوردستان لە ساتەوەختەکانی هێرش و پەڵامارە تیرۆریستییەکانی دڕندەترین ڕێکخراوی تیرۆریستیی جیهانی (داعش) بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان. کەنەدا هەڵوێستێکی مرۆڤدۆستانەی بەرامبەر مەرگەسات و جینۆسایدی ڕژێمی بەعسی عێراق هەبووە دژی گەلی کورد کە لە وڵاتە پێشەنگەکانی جیهان بووە کە بەفەرمی لە پەرلەمانی کەنەدا ددانی ناوە بە جینۆساید و پاکتاوی ڕەگەزیی ڕژێمی بەعسی لە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە هەڵەبجەی شەهید و تاوانی زیندەبەچاڵکردنی (١٨٢٠٠٠) مرۆڤی بێتاوان و سیڤیلی کورد لە پرۆسەی بەدناوی ئەنفاڵ و، هیوای خواست کە لە گرنگیپێدانی وڵاتی کەنەدا بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق و هەرێمی کوردستان کە گەشەی زیاتر بە پەیوەندییە سیاسی، دیپلۆماسی، ئابووری، سەربازی و کەلتوورییەکان و وەبەرهێنان بدات لەگەڵ هەرێمی کوردستان.

لە تەوەرێکی تری دیدارەکەشدا بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) لە دیدگای (پ.د.ک)وە شیکردنەوەیەکی سیاسیی خستە ڕوو لەسەر دۆخی هەرێمی کوردستان لە سەردەمی مەترسییەکانی (کۆڤید -١٩)دا کە هاوشێوەی وڵاتە پێشکەوتووەکانی جیهانی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستانی، بەتایبەتی لە ڕووی ئابوورییەوە پەک خستووە و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش هەموو هەوڵ و تێکۆشانێکی خستووەتە گەڕ بۆ پاراستنی کۆمەڵگا و هاووڵاتیانی هەرێم لە مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا. پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدراڵ و ئەنجامی دیالۆگی سیاسیی نیوان هەردوولا بۆ ڕێککەوتنی نێوانیان و جێبەجیکردنی مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و، هێرش و ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا و ئێران بۆ سەر ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان کە بەهۆیەوە زیاتر لە (٥٠٠) گوند چۆڵ کراون و زیانێکی زۆری مرۆیی و ئابوورییش بەر دانیشتووانی ناوچە سنوورییەکان کەوتووە، هەروەها دۆخی ناوخۆیی هەرێم و هاوکاری و لێکگەیشتنی نێوان پارتە سیاسییەکان لە پەرلەمان و حکوومەتدا و، هەڵبژاردنەکانی پێشوەخت لە عێراق لە مانگی حوزەیرانی داهاتوو، پرسی لامەرکەزیەتی پارێزگاکان، هەوڵەکانی جێبەجێکردنی یاسای چاكسازی لە هەرێم، دۆخی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و گەشەپێدان و دیمۆکراسی و پێکەوەژیان لە کوردستان و چەندین بابەتی جێی بایەخی تر لەگەڵ بەرپرسی نووسینگەی هەولێری باڵوێزخانەی کەنەدا لە عێراق تاوتوێ کران.

خاتوو ئاشلی دیۆرێک، بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری باڵوێزخانەی کەنەدا لە هەولێر، خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) خستە ڕوو و ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی گرنگی بە ئاسایش و ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە و بەتایبەتی بە هەرێمی کوردستان دەدات و کەنەدا بەردەوام دەبێت لە هاوکاریکردنی هەرێمی کوردستان و گەشەی زیاتر بە پەیوەندییەکانیان دەدەن لەگەڵ دامەزراوەکانی دیموکراسیی هەرێمی کوردستان بۆ ئاشنابوون بە دۆخی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە و سیاسەت و دیدگای (پ.د.ک) لەسەر کۆمەڵێک بابەتی پەیوەست بە پەیوەندییە ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان و چەندین پرسیاری ئاراستەی بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) کرد کە هەردوو لا تێگەییشتنی هاوبەشیان هەبوو کە سوودبەخشن بۆ گەشەپێدانی دیموکراسی و پێکەوەژیان و هاوکاری و هەماهەنگیی نێوانیان و گرنگیدان بە ڕۆڵ و پێگەی ئافرەتان و لاوان لە دامەزراوەکاندا، باشترکردنی سیستەمی پەروەردەیی و هێنانەدی یاسای چاکسازی و گرنگیدان بە کەرتی تەندرووستی و ژینگەی دیموکراسی و کۆمەڵگای مەدەنی لە هەرێمی کوردستان.

1