وەزارەتی ناوخۆی عێراق له‌ژماره‌یه‌ك ناوچه‌ی به‌غدا شوێنه‌كانى نیرگله‌ كێشان و باڕ و قومارخانه‌كانى داخست

بەهۆی مەترسی بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی كۆرۆنا

وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند كە بەهۆی مەترسی بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ، شوێنەكانی مەی خواردنەوە، قومارخانە نێرگەلەكێشانیان لە ژمارەیەك ناوچەی بەغدا داخستووە.

وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوە داوە، پشت بەستن بە فەرمانی دیوانی ژمارە (55) كە لەلایەن شانەی قەیرانەكانەوە بە ئامانجی بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی كۆرۆنا دەركراوە، هێزەكانی ئاژانسی هەواڵگریی سەربە وەزارەتی ناوخۆ زنجیرەیەك هەڵمەتیان لە ژمارەیەك ناوچەی بەغدا ئەنجامداوە.

بەپێی راگەیەندراوەكە لە میانی هەڵمەتەكاندا، هێزەكانی ئاژانسی هەواڵگریی شوێنەكانی مەی خواردنەوە، قومارخانە و نێرگەلەكێشانیان لە ژمارەیەك ناوچەی بەغدا داخستووە.

لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەیش دراوە كە بەڵێننامەیان بە خاونی ئەو شوێنانە پڕکردووەتەوە بەوەی کە پابەندبن بە راسپاردەكانی لیژنەی باڵای قەیرانەكانی تایبەت بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و شوێنەكانیان نەكەنەوە.