وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران ئه‌ورووپا و ئه‌مریكا به‌ پشتیوانیكردنی تیرۆریستان تۆمه‌تبار ده‌كات

دوای ده‌ستگیر كردنی جه‌مشید شارمه‌هد-ی، رابه‌ری رێكخراوی تۆنده‌ر

محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران، ئه‌ورووپا و ئه‌مریكا-ی به‌ پشتیوانی كردنی دارایی و داڵده‌دانی رێكخراوه‌ تیرۆریستییه‌كان تۆمه‌تبار كرد.

دوای ئه‌وه‌ی هه‌واڵی ئه‌وه‌ بڵاوبووه‌وه‌ كه‌ وه‌زاره‌تی هه‌واڵگری ئێران، رابه‌ری رێكخراوی "تۆنده‌ر"ی ده‌ستگیر كردوه‌ كه‌ به‌ رێكخراوێكی دژ به‌ حكوومه‌تی تاران ناسراوه‌، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وڵاته‌، محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌.

زه‌ریف له‌ په‌یامه‌كه‌یدا داوای كردوه‌ رۆژئاوا واز بهێنێت له‌ پشتیوانی كردنی دارایی و داڵده‌دانی تیرۆریستان و نوسیویه‌تی: "تیرۆریستان له‌ به‌نده‌ره‌ پارێزراوه‌كانی ئه‌ورووپا و ئه‌مریكاوه‌ پلان بۆ رق، پڕوپاگه‌نده‌، كوشتن و گێره‌شێوێنی داده‌نێن و بێشه‌رمانه‌ به‌رپرسیاریه‌تی خۆیان له‌ كوژرانی هاووڵاتییانی مه‌ده‌نی ئێران راده‌گه‌یه‌نن".

جێی وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه‌ وه‌زاره‌تی هه‌واڵگری ئێران ده‌ستگیر كردنی جه‌مشید شارمه‌هد-ی رابه‌ری رێكخراوی "تۆنده‌ر"ی راگه‌یاند.

44

ئه‌م رێكخراوه‌ بنكه‌ی سه‌ره‌كی له‌ ئه‌مریكایه‌ و به‌ دژایه‌تی كردنی حكوومه‌تی تاران ناسراوه‌، هه‌روه‌ها به‌ ئه‌نجامدانی چه‌ندین په‌لاماری چه‌كداری له‌ ئێران تۆمه‌تبار ده‌كرێت ،دیارترینیشیان په‌لاماره‌كه‌ی١٢ی نیسانی ٢٠٠٨ی شاری شیراز-ه‌ كه‌ تیایدا ١٤ كه‌س كوژران و ٢١٥ كه‌سی دیكه‌ش بریندار بوون.

پێشتریش له‌ راگه‌یاندنه‌كانی ئه‌مریكادا هه‌واڵی ئه‌وه‌ بڵاوبووه‌وه‌ كه‌ ده‌زگای هه‌واڵگری ئێران له‌ ساڵی ٢٠٠٩دا هه‌وڵی داوه‌ ناوبراو له‌ ویلایه‌تی "لۆس ئانجێڵێس" بكوژێت.