په‌یامى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان به ‌بۆنه‌ی جه‌ژنى پیرۆزى قوربان

هیوادارم جه‌ژنه‌كانی داهاتوومان له‌ خۆشی و ئاسوده‌ییدا بگێڕین

جه‌ژنى قوربان له‌ خێزان و كه‌سوكارى سه‌ربه‌رزى شه‌هیدان و پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان، له‌ موسڵمانانى كوردستان، عێراق و جیهان، هه‌روه‌ها له‌ هێزه‌كانی ناوخۆ، پزیشكان و كارمه‌ندانی ته‌ندروستی و دامه‌زراوه‌ په‌یوه‌نداره‌كانی هه‌رێمى كوردستان‌ كه‌ بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتیان به‌ره‌نگارى په‌تاى ڤایرۆسى كۆرۆنا بوونه‌ته‌وه‌، به‌ گه‌رمى پیرۆز ده‌كه‌م. 

هیوادارم جه‌ژن‌ بكه‌ینه‌ ده‌رفه‌تی قووڵكردنه‌وه‌ی زیاترى گیانی لێبورده‌یی، ته‌بایى و پێكه‌وه‌ییى پێكهاته‌ ئایینى و نه‌ته‌وه‌یییه‌كانى كوردستان، هه‌وڵه‌كانی هه‌موو لایه‌كیشمان بۆ نه‌هێشتنی ناكۆكییه‌كان بگاته‌ سه‌ركه‌وتنی یه‌كجاری.
كوردستانیان دڵنیا ده‌كه‌مه‌وه‌ له‌م پێناوه‌دا به‌رده‌وام ده‌بین و ده‌بێ هه‌موو لایه‌ك تواناكانمان یه‌ك بخه‌ین و پێكه‌وه‌ كار بكه‌ین بۆ چاره‌سه‌ركردن و تێپه‌ڕاندنى قه‌یران و گرفته‌كان و مسۆگه‌ركردنى ماف و شایسته‌ ده‌ستوورییه‌كان و پاراستنى پێگه‌ و قه‌واره‌ی هه‌رێمى كوردستان.  

‌به‌ ڕێز و پێزانینێكی زۆره‌وه‌ له‌ خۆڕاگری و پشوودرێژیی کوردستانیان ده‌ڕوانم كه‌ به‌هۆى په‌تاى ڤایرۆسى كۆرۆنا و لێكه‌وته‌ ئابوورییه‌كانییه‌وه‌، به‌رگه‌ى قه‌یران و سه‌ختییه‌كان ده‌گرن، هیوادارم جه‌ژنه‌كانی داهاتوومان له‌ خۆشی و ئاسوده‌ییدا بگێڕین، سه‌ختییه‌كانمان تێپه‌ڕاندبێت و ئاسۆیه‌كی گه‌ش به‌ ڕووی كوردستاندا كرابێته‌وه‌، هه‌روه‌ها داواكارم هه‌مووان ڕه‌چاوى ڕێكاره‌ ته‌ندروستییه‌كان و خۆپارێزى بكه‌ن.

جه‌ژنى هه‌مووان پیرۆز بێت، هه‌موو ساڵێك به‌ خۆشى. ئاشتى و سه‌قامگیرى بۆ كوردستان، عێراق و ناوچه‌كه، جیهان و ته‌واوى مرۆڤایه‌تى ده‌خوازم.‌ 

نێچیرڤان بارزانی
سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان
30/7/2020