به‌سه‌رهاتى به‌رگدروێك و نه‌وه‌كه‌ى

ده‌گێڕنه‌وه‌ له‌ دێیه‌كی دووره‌ ده‌ست ، پیره‌ پیاوێكی به‌رگدوور هه‌بوو

ده‌گێڕنه‌وه‌ له‌ دێیه‌كی دووره‌ ده‌ست ، پیره‌ پیاوێكی به‌رگدوور هه‌بوو ، نه‌وه‌یه‌كی گه‌نجۆكه‌ و  قشتۆكه‌ ، به‌ر ده‌ستی بۆ ده‌كرد ، ئێجگار لای خۆشه‌ویست بوو..

ڕۆژێكیان پیره‌ به‌رگدوور  له‌به‌ر ده‌می نه‌وه‌كه‌ی ، ویستی په‌ندێكی بۆ دروست بكات ،  مه‌قه‌سێكی قورسی گرانبه‌های له‌ژێر كه‌ره‌سته‌كان ده‌رهێنا ، ده‌ستی كرد به‌ بڕینی قوماشێكی سه‌رنج ڕاكێش و پارچه پارچه‌ی كرد ، دواجار مه‌قه‌سه‌ گرانبه‌هاكه‌ی خسته‌ ژێر پێی و له‌سه‌ر زه‌وی تێی هه‌ڵدا..

نه‌وه‌كه‌ی به‌ سه‌ر سوڕمانه‌وه‌ ، به‌ نیگایه‌كی قووڵ سه‌یری باپیره‌ی ده‌كرد ، كه‌ ئایا بۆچی ئه‌و مه‌قه‌سه‌ گرانبه‌هایه‌ی تێ هه‌ڵدا سه‌ر زه‌وی؟!

پاشان پیره‌ به‌رگدوور ده‌رزیه‌كی بچووكی بێ نرخی هێنا ، ده‌ستی كرد به‌ دوورینه‌وه‌ی قوماشه‌ گرانبه‌هاو پارچه‌ پارچه‌ كراوه‌كه‌ ، دواتر ده‌رزیه‌كه‌ی له‌سه‌ر سه‌ری و  له‌ مه‌ندیله‌كه‌ی چه‌قاند..

نه‌وه‌كه‌ی به‌سه‌ر سوڕمانه‌وه‌ سه‌یری شوێنی مه‌قه‌سه‌ گرانبه‌هاكه‌ كرد و دواتر بینیشی شوێنی ده‌رزییه‌ بێ نرخه‌كه‌ سه‌ر سه‌ری بوو..

نه‌وه‌كه‌ی خۆی پێ نه‌گیراو پرسی ، باپیره‌ گیان ، بۆچ مه‌قه‌سه‌كه‌ت خسته‌ ژێر پێیان و تێتهه‌ڵدا ، كه‌چی گرانبه‌ها بوو ، له‌به‌رامبه‌ر ده‌رزیه‌كه‌  هه‌رزان و زۆرو زه‌وه‌نده‌ ، له‌ سه‌رسه‌رت به‌ مه‌ندیله‌كه‌ته‌وه‌ چه‌قاند..

پیره‌ مام گووتی: هه‌ندێ كه‌س سیفاتی ئه‌م مه‌قه‌سه‌یان هه‌یه‌ ته‌نها كاریان تێكدانی په‌یوه‌ندی نێوانی مرۆڤه‌كانه‌، له‌به‌رامبه‌ریش ده‌رزییه‌كه پارچه‌كانی قوماشی كۆكرده‌وه‌ ، مرۆڤایه‌تی كۆ ده‌كه‌نه‌وه‌..

ن: به‌هادین جه‌لال