ئێران تومه‌ن هه‌نارده‌ی بازاڕه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات

كڕیاری تومه‌نیش زیادیكردووه‌

رۆژ دوای رۆژ نرخی تومه‌نی ئێرانی ڕووه‌ و دابه‌زین ده‌ڕوات به‌جۆرێك ئه‌گه‌ر به‌راوردی نێوان ساڵی ڕابردوو له‌گه‌ڵ ئه‌مساڵ بكه‌ین ده‌رده‌كه‌وێت به‌های ئه‌و دراوه‌ ئێرانییه‌ له‌سه‌دا 50% دابه‌زیووه‌، شرۆڤه‌كارانی بازاڕه‌ داراییه‌كانیش ده‌ڵێن به‌های تومه‌نی ئێرانی به‌ره‌و داكشانی زیاتریش ده‌ڕوات.

ئێستا نرخی هەر دۆلارێك له‌ بازاڕه‌كانی هه‌رێمی كوردستان 25 هەزار تومەنه‌ كە نزمترین نرخی تومەنە بەرانبەر دۆلار تۆمار كرابێت. هه‌ر 100 دۆلاریش له‌ بۆرسه‌ی ئێران و بازاڕه‌كان دوو ملیۆن و 250 هه‌زار تومه‌نه‌.

دكتۆر ئه‌رشه‌د ته‌ها، شاره‌زای ئابووری و مامۆستای زانكۆ به‌ كوردستان تیڤی ڕاگه‌یاند: دابه‌زینی به‌های تومه‌نی ئێرانی په‌یوه‌سته‌ به‌ تێكڕای به‌رهه‌می ناوخۆی ئه‌و ولاته‌ و نرخی نه‌وت و گرینگترینیان فشار و گه‌مارۆكانی ئه‌مه‌ریكا بۆسه‌ر ئه‌و ولاته‌ چونكه‌ ئه‌وانه‌ وایانه‌كردووه‌ ئه‌و ولاته‌ ئابووری به‌ره‌و داڕمان بڕوات به‌رهه‌می خۆماڵی كه‌مبێته‌وه‌ و كه‌س نه‌توانێت بازرگانی نه‌وت و گاز و زۆر شتی دیكه‌شی له‌گه‌ڵ بكات بۆیه‌ ئه‌مه‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی له‌سه‌ر به‌های دراوه‌كه‌ی هه‌یه‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا: له‌ ساڵی ڕابردووه‌ وه‌ پێشبینی ئه‌وه‌مان كردبوو كه‌ به‌های تومه‌نی ئێرانی به‌رامبه‌ر دراوه‌كان تایبه‌ت دۆلاری ئه‌مه‌ریكی زۆر دابه‌زێت پێشبینیشمان هه‌یه‌ كه‌ زۆر له‌و نرخه‌ی ئێستا زیاتر دابه‌زێت به‌جۆرێك هاوشێوه‌ی ولاتی ڤه‌نزویلا كه‌ دراوه‌كه‌ی له‌سه‌ر شه‌قام بكه‌وێت و كه‌س به‌لایدا نه‌ڕوات. 

ئه‌رشه‌د ته‌ها: له‌باره‌ی ئه‌و بڕه‌ پاره‌ زۆره‌ی ئێستا ئێران هه‌نارده‌ی هه‌رێمی كوردستانی ده‌كات ده‌لێت: له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌های دراوه‌كه‌ی كه‌مبووه‌ته‌وه‌ بۆیه‌ ئێستا سیاسه‌تێكی دیكه‌ به‌كارده‌هێنن ئه‌ویش ساغكردنه‌وه‌ی دراوه‌كه‌یانه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان و عێڕاق بۆیه‌ ده‌بینین له‌م ماوه‌یه‌ بڕێكی زۆری تومه‌نی ئێرانی هه‌نارده‌ی سلێمانی و هه‌ولێر و شاره‌كانی عێڕاق ده‌كرێن.

رادیۆ فەردا له‌ڕاپۆرتێكیدا له‌سه‌ر زاری عەبدولناسر هیمەتی سەرۆكی بانكی ناوەندیی ئێران ئاماژەی به‌وه‌دایه‌ ئەو دابەزینەی نرخی تومەن كاتییە، بەڵام قسه‌كان هه‌مووی پێچەوانەیه‌ چونكه‌ نرخی تومه‌ن زیاتر دابەزیووە و دۆخەكەی ئاسایی نەبووەتەوە.

جێگه‌ی ئاماژه‌یه‌ ساڵی 2018 كاتێك ئەمەریكا لە رێككەوتنی ناوه‌كی كشایەوە سزای قورسی بەسەر ئێراندا سەپاند، بۆیە نرخی تومەن بەراورد بەوكاتە 88% بەهای خۆی لە دەستداوە. ئەو کات هەر دۆلارێك بە 3 هەزار تومەن ئاڵوگۆڕ دەكرا، كەچی ئه‌مڕۆ بە 25 هەزار تومەنە.

 

ئاماده‌كردن و داڕشتنه‌وه‌ی - سیامه‌ند كه‌ریم

بابه‌ته‌ پەیوەندیداره‌كان

نوێترین ڤیدیۆ

COVID-19
تووشبووان
36,556
گیان له‌ده‌ستدان
1,340
چاکبوونەوە
23,100
تووشبووان
290,309
گیان له‌ده‌ستدان
8,014
چاکبوونەوە
224,705
تووشبوون
29,206,669
گیان له‌ده‌ستدان
928,830
چاکبوونەوە
21,041,840