وته‌بێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان: دەبێت بابەتی مووچە نەبێتە سەردێری هەواڵەكان

لەگەڵ بەغدا بەردەوامین لەگفتوگۆ


ئه‌مرۆ له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌ڤانیدا جوتیار عادل وتەبێژی حكومەت حكومەتی هەرێمی كوردستان  رایگەیاند: دەبێت بابەتی مووچە نەبێتە سەردێری هەواڵەكان و خەڵكیش باش دەزانێت دۆخەكە كاریگەری لەسەر داهاتی حكومەت  هەبووە

 دوای كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان  جوتیار عادل وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا باسی لەبریارەكانی كۆبوونەوەكە كردو رایگەیاند ، ئەنجومەنی وەزیران پەیڕەوی سندوقی خانەنشینی سەرجەم فەرمانبەرانی بەشارستانی و مەدەنی پەسەند كردو یەكەمجارە لەهەرێم ئەو سندوقە دادەنرێت و شایستە داراییەكانی خانەنشینانی تێدا هەڵدەگیرێت و لەكۆبوونەوەكەدا بەكۆی دەنگ پەسەندكراوە.
راشیگه‌یاند دوای بڵاوكردنەوەی پەیڕەوەكە لەرۆژنامەی وەقایع دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوەو ئەنجومەنێك سندوقەكە بەڕێوەدەبات و سیاسیەتی سندوقەكە دادەڕێن و بڕیاری لەبارەوە دەدەن.

وتەبێژی حكومەتی هەرێم لەبارەی دەستكردن بەدابەشكردنی موچەش لەپێش جەژنی قوربان رایگەیاند ،  دابەشكردنی پەیوەستە بەداهاتی حكومەت، بەڵام بەهۆی كۆرۆناو دابەزینی نرخی نەوت كاریگەری لەسەر داهاتی حكومەت هەبوەو دەبێت بەسیاسی نەكرێت و خەڵكیش باش دەزانێت دۆخەكە كاریگەری لەسەر داهاتی حكومەت، دەبێت بابەتی مووچە نەبێتە مانشێت و سەردێری هەواڵەكان، هەر كەسێكیش دەزانێك حكومەت پارەی لەكوێ هەیە با پێمان بڵێت و پێیان دەدەین و دابەشی بكەن.

له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان هه‌رێم و به‌غداشه‌وه‌ رایگه‌یاند ، لەگەڵ بەغدا بەردەوامین لەگفتوگۆو دۆخێكی ئەرێنی هەیە بۆ گەیشتن بەڕێككەوتن، ئەویش لەسەر بنەمای دەستورو دابینكردنی شایستە داراییەكان، دواكەوتنی سەردانی وەفدی هەرێمیش بۆ بەغدا بەهۆی كێشەی تەكنیكییەو لەئایندەیەكی نزیكدا وەفدی هەرێم دەچێتەوە بەغدا.


ئاماژەی بەوەشکرد، لە هەنگاوێکی دیکەی چاکسازیدا، مەرجەکانی دیاریکردنی پلە تایبەتەکان پەسەندکراون و ئەوەش لەپێناو دانانی کەسی شیاوە لە شوێنی شیاودا.


هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند مەبەستی سەرەکی لەم پەیڕەوە ڕەچاوکردنی هەبوونی بڕوانامە و شارەزایی و لێهاتوویی ئەو کەسانەیە کە ئەو پلە وەزیفیانە پڕدەکەنەوە و ڕۆڵی سەرکردایەتی کارگێڕیی دیاریان هەیە لە بەڕێوەبردنی ئەرک و چالاکییەکانی وەزارەتەکان وەک کەسانی پیشەیی و تەکنۆکرات.


لەبارەی رێكخستنەوەی ژمێریاری هێزی پێشمەرگە وته‌بێژی حكومه‌تى هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند  پێشتر چەند یەكەیەكی ژمێریاری پێشمەرگەی یەەكانی 70 و 80 هەبوو‌، ئێستا یەك یەكەی ژمێریاری لەنێوان یەكەكانی 70 و 80 دروستكراوەو چارەسەری بندیوارەكان دەكرێت، ئەو وەزارەتانەشی بەشێكی زۆری بودجەی هەرێم دەبەن لەچاكسازیدا زۆرترین رێژەیان بەردەكەوێت و مووچەو دەرماڵەكانی سەرجەم وەزارەتەكان رێكدەخرێتەوە.