ته‌زووی كاره‌با له 3 كارمه‌ندی به‌رگری شارستانی هه‌ولێری دا

باری ته‌ندروستی یه‌كێك له‌ كارمه‌نده‌كان ناجێگیره‌


به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی به‌رگری شارستانی هه‌ولێر بڵاویكرده‌وه‌، شه‌وی رابردوو 14 له‌سه‌ر 15ی 7ی 2020، له‌ كاتی كۆنتڕۆڵكردنی ئاگرێك له‌ناوچه‌ی پیشه‌سازی باكوور، كاره‌با له‌ سێ كارمه‌ندی به‌رگری شارستانی داوه‌.

رائید سه‌ركه‌وت كاڕه‌ش، وته‌بێژی به‌رگری شارستانی هه‌ولێر، رایگه‌یاند، شه‌وی رابردوو، ئه‌و كاته‌ی كارمه‌ندانیان سه‌رقاڵی كۆنتڕۆڵكردنی ئاگرێكی گه‌وره‌ بوون له‌ كۆگایه‌كی‌ ناوچه‌ی پیشه‌سازی باكوور، ته‌زووی كاره‌با ئه‌و سێ كارمه‌نده‌ی گرتووه‌، چونكه‌ كاره‌بای كۆگاكه‌ نه‌بڕابوو.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، له‌ ئاكامدا كارمه‌ندێكیان له‌گه‌ڵ كوڕی خاوه‌ن كۆگاكه‌ كه‌وتوونه‌ته‌ خواره‌وه‌ و وێڕای ئه‌وه‌ی چه‌ند شوێنێكی جه‌سته‌یان سووتاوه‌، به‌هۆی كه‌وتنه‌خواره‌وه‌شیان چه‌ند شوێنێكی له‌شیان ئازاری پێگه‌یشتووه‌، ئێستاش باری ته‌ندروستی یه‌كێك له‌ كارمه‌ندانی به‌رگری شارستانی ناجێگیره‌ و چاره‌سه‌ری پێویستی بۆ ده‌كرێت.