ژووری ئۆپه‌راسیۆنی قه‌زای چۆمان چه‌ند بڕیارێكی ده‌ركرد

ئه‌و رێككارانه‌ له‌سنووری قه‌زاكه‌و ناحیه‌كانی سمیلان،گه‌ڵاله‌ ،قه‌سرێ ،حاجی ئۆمه‌ران جێبه‌جێ ده‌كرێن

ژووری ئۆپه‌راسیۆنی رووبه‌روو بوونه‌وه‌ی نه‌خۆشی ڤایرۆس كۆرنای قه‌زای چۆمان رایگه‌یاند: بۆ جێ به‌جێ كردنی رێككاری نوێ، كه‌ له‌لایه‌ن ژووری ئۆپه‌راسیۆنی پارێزگای هه‌ولێر به‌مه‌به‌ستی خۆ پارێزی و خود پارێزی له‌ پێناو رووبه‌ڕوو بونه‌وه‌ی نه‌خۆشی ڤایرۆس كۆرۆنا بریاری له‌سه‌ر درا.

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: به‌مه‌به‌ستی جێ به‌جێ كردنی رێككاره‌كانی نوێ،  له‌ سنووری قه‌زاكه‌مان ژووری ئۆپه‌راسیۆنی ڕوو به‌ڕووبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشی ڤایرۆس كۆرۆنای قه‌زاكه‌مان له‌ رۆژی یه‌ك شه‌ممه‌ رێكه‌وتی 12/7/2020 له‌ دیوانی قائیمقامیه‌تمان كۆبونه‌وه‌یه‌كی ئه‌نجام دا و دوای گۆڕینه‌وه‌ی بیرو ڕای ئه‌ندامانی ژوور بڕیار درا ئه‌و رێككارانه‌ی خواره‌وه‌ له‌ سنوری قه‌زاكه‌مان و ناحیه‌كانی (سمیلان /گه‌ڵاله‌ /قه‌سرێ /حاجی ئۆمه‌ران ) له‌ كاتژمێر 12ی شه‌وی 12/7/2020  له‌سنوری قه‌زاكه‌مان  جێ به‌جێ ده‌كرێن.

1- ماڕكێت و دوكاندارو شوێنه‌ بازرگانییه‌كان  رێگه‌یان پێده‌ردێ رۆژانه‌ كراوه‌ بن ، به‌ مه‌رجی جێ به‌جێ كردنی رێنماییه‌ ته‌ندروستیه‌كان له‌ به‌ستن ماسك و له‌ ده‌ست كردنی ده‌ست كێش و دروست نه‌كردنی قه‌له‌بالغی له‌ شوێنه‌ گشتیه‌كان، له‌ كاتژمێر 12ی شه‌وتا 5 ی به‌یانی  داده‌خرێن و ڕێگه‌ به‌هیچ دوكاندارێك نادرێت له‌وماوه‌یه‌دا كراوه‌ بن.

2- مزگه‌وته‌كان و هۆڵی بۆنه‌كان و دانانی پرسه‌و كافێكان و مه‌له‌وانگه‌كان به‌داخراوی ده‌مێننه‌وه‌.

3- نانه‌واخانه‌كان و صه‌مون خانه‌كان به‌ جێ به‌جێ كردنی رێنماییه‌ ته‌ندروستییه‌كان  كراوه‌ ده‌بن .

4- چێشتخانه‌كان و سارده‌مه‌نییه‌كان  چایه‌خانه‌كان و خواردنگه‌ خێراكان، ده‌توانن كراوه‌ بن به‌ جێ به‌جێ كردنی رێنماییه‌كانی ته‌ندروستی كورسی و مێزه‌كان دوور له‌یه‌كتری  .

5- نوێژی به‌كۆمه‌ڵ و خوێندنه‌وه‌ی ووتاری رۆژانی هه‌ینی له‌هیچ مزگه‌وتێك ئه‌نجام نادرێت تا رێنمایی نوێ ی له‌ پارێزگاوه‌ بۆ ده‌رنه‌چێت.

6-  لیژنه‌ی ئابوری قه‌زای چۆمان و لیژنه‌كانی ته‌ندروستی و لیژنه‌ی رێككاری ناو بازار به‌رده‌وام ده‌بن له‌ كاردانه‌وه‌ی یاسایی به‌رامبه‌ر ئه‌و شوێن و كه‌سانه‌ی كه‌ پابه‌ندی رێنماییه‌كان نابن،بۆماوه‌ی یه‌ك هه‌فته‌ داده‌خرێن.

7-ده‌وامی فه‌رمانگه‌ حكومییه‌كان له‌سنوری قه‌زاكه‌مان له‌ڕۆژانی یه‌ك شه‌ممه‌ تا چوار شه‌مم كاتژمێر 9 تا 1 دوای نیوه‌ڕۆ ده‌بێت به‌پێێ پێویستی فه‌رمانگه‌ حكومییه‌كان فه‌رمانبه‌ران ده‌وام ده‌كه‌ن به‌ڕێژی له‌ 30٪  وه‌ده‌بێت فه‌رمانبه‌ران و هاووڵاتیان پابه‌ندی به‌ستنی ماسك و له‌ده‌ست كردنی ده‌ست كێش بن له‌كاتی ده‌وامی فه‌رمی.