له‌ عێراق دوو هه‌زار و 848 تووشبووی نوێی كۆرۆنا ده‌ستنیشانكران

 78 كه‌س به‌هۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوه‌ له‌ عێراق گیانیان له‌ده‌ستدا

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و ژینگه‌ی عێراق رایگه‌یاند،  ئه‌مڕۆ هه‌ینی دوو هه‌زار و 848 توشبوی نوێی ڤایرۆسی كۆرۆنا ده‌ستنیشانكراون، هه‌روه‌ها 78 كه‌سیش به‌هۆی توشبونیان به‌و ڤایرۆسه‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.
 
به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و ژینگه‌ی عێراق، له‌ئه‌نجامی ئه‌و پشكنینانه‌ی ئه‌نجامدراون، له‌ماوه‌ی 24 كاتژمێری رابردودا دو هه‌زار و 848 توشبوی نوێی ڤایرۆسی كۆرۆنا ده‌ستنیشانكراون، كۆی توشبوانی ڤایرۆسه‌كه‌ش گه‌یشتوه‌ته‌ 72 هه‌زار و 460  توشبوو.

هه‌ر به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، له‌ماوه‌ی 24 كاتژمێری رابردوودا، له‌سلێمانی 189 توشبو، له‌هه‌ولێر 106 توشبو تۆماركراون، هه‌روه‌ها له‌ سلێمانی هه‌شت كه‌س و له‌ هه‌ولێریش چوار كه‌س به‌هۆی ئه‌و ڤایرۆسه‌وه‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌، له‌به‌رامبه‌ریشدا له‌سلێمانی 10 كه‌س، له‌هه‌ولێریش 54 كه‌س كه‌ هه‌ڵگری ڤایرۆسه‌كه‌ بوون چاكبونه‌ته‌وه‌.

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێراق ئه‌وه‌شیخستوه‌ته‌ڕوو، هه‌ر له‌و ماوه‌یه‌دا 78 كه‌س به‌هۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوه‌ گیانیانله‌ده‌ستداوه‌، به‌وه‌ش كۆی گشتی گیانله‌ده‌ستدان بۆ دوو هه‌زار و 960 كه‌س به‌رزبوه‌ته‌وه‌.

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و ژینگه‌ ئاماژه‌ی بۆئه‌وه‌شكردوه‌، هه‌ر له‌ماوه‌ی 24 كاتژمێری رابردوودا، هه‌زار و 878 كه‌س كه‌ هه‌ڵگری ڤایرۆسه‌كه‌ بون چاكبونه‌ته‌وه‌ و نه‌خۆشخانه‌یان جێهێشتووه‌، كۆی گشتی چاكبوانیش گه‌یشتوه‌ته‌ 41 هه‌زار و 380 كه‌س .