سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ نوێنه‌رى سكرتێرى گشتی UN كۆبووه‌وه‌

گفتوگۆى چاره‌سه‌ركردنى كيشه‌كانى نێوان هه‌ولێر ـ به‌غدا تاوتوێ كرا

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 8/7/2020 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ خاتوو جينين پلاسخارت، نوێنه‌رى تايبه‌تى سكرتێرى گشتيى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و گفتوگۆى چاره‌سه‌ركردنى كيشه‌كانى نێوانيان تاوتوێ كرا كه‌ تيايدا خاتوو پلاسخارت پشتگيريى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كانى بۆ به‌رده‌واميى گفتوگۆى هه‌ردوولا دووپات كرده‌وه‌ و ڕايگه‌ياند: هه‌ردوولا هان ده‌ده‌ين له‌ گفتوگۆ و هه‌وڵدان بۆ گه‌يشتن به‌ چاره‌سه‌ر، به‌رده‌وام بن.
لاى خۆيه‌وه‌ به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانی دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان بۆ هه‌موو چاره‌سه‌رێك له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور ئاماده‌يه‌. 

له‌ به‌شێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌كه‌دا هه‌ردوولا باسيان له‌ دوايين پێشهاته‌كانى بڵاوبوونه‌وه‌ى په‌تاى ڤايرۆسى كۆرۆنا له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرد و تيشكيان خسته‌ سه‌ر لێكه‌وته‌ هه‌مه‌لايه‌نه‌كانى و ڕێكار و هه‌نگاوه‌كانى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى په‌تاكه‌.