حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ده‌ستپێكردنى قۆناغى دووه‌مى سیسته‌مى بایۆمه‌ترى په‌سند كرد

به‌سه‌رپه‌رشتى مه‌سرور بارزانى كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمی كوردستان به‌رێوه‌چوو

ئەمڕۆ چوارشەممە 2020/7/8 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و بەشداربوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە کۆبووەوە.

لە دەستپێکی کۆبوونەکەدا ، جێگری سەرۆک وەزیران راپۆرتێکی دەربارەی پڕۆگرامیی بایۆمێتری خستەڕوو کە تیایدا بە زانیاریی و وردەکارییەوە باسی قۆناغەکانی سیستەمەکە و ئامانج و دەرەنجامەکانی سیستەمی بایۆمێتری کرد کە پڕۆژەیەکی گشتگیر و فراوانترە لەوەی تەنیا داتابەیسێک بێت بۆ تۆماری بایۆمێتری مووچەخۆران. 

ئەنجومەنی وەزیران دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە ، دەستپێکردنی قۆناخی دووەمی سیستەمی بایۆمێتری پەسەندکرد بە ئاراستەی بەرجەستەکردنی حکومەتی ئەلیکترۆنی بە سوودوەرگرتن لە تەکنەلۆژیای زانیاریی لە بەڕێوەبردنی دامەزراوەکانی حکومەت و فراوانکردنی پڕۆگرامەکە تا بوارەکانی دیکەش بگرێتەوە و ببێتە یارمەتیدەرێکی سەرەکی بۆ جێبەجێکردنی کردارەکی چاکسازی و بە ئەلیکترۆنیکردنی دامودەزگاکانی حکومەت و هێنانەکایەی شێوازێکی نوێی چالاک بۆ حکومەت و حوکمڕانی درووست.  

دواتر بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو چەند بابەتێکی پەیوەندیدار بە کەرتی کشتوکاڵی خستەڕوو لەوانە ڕێکخستنەوەی گرێبەستە کشتوکاڵییەکان کە بە جۆرێک بخرێتەوە خزمەتی گەشەپێدانی کشتوکاڵ و ڕێگە گرتن لە تەرخانکردن وبەکارهێنانی زەوی کشتوکاڵی بۆ مەبەستی ناکشتوکاڵی. لە تەوەرێکی دیکەشدا پلانی وەزارەتەکەی بۆ پەرەپێدانی نەمامگەکانی سەر بە وەزارەتی کشتوکاڵ و ئاودێری خستەڕوو لە ڕێگای پڕۆژەی هاوبەشی کشتوکاڵی لەگەڵ کەرتی تایبەت وەک سەرچاوەیەکی نوێی داهات و برەودان بەو نەمامگایانە،  ئەنجومەنی وەزیران دوای گفتوگۆ و راگۆڕینەوە، بە کۆی دەنگ بڕیاریدا بە پەسەندکردنی راسپاردەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لەو بوارانەدا. 

لە تەوەرێکی دیکەشدا ، ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتەکانی (کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، شارەوانی وگەشتوگوزار، داد) ی ڕاسپارد بۆ پەلەکردن لە ڕاییکردنی قەرەبووی ئەو جووتیارانەی کە خاوەنی گرێبەستی کشتوکاڵین و مافی یاسایی قەرەبووکردنەوەیان لە لایەن وەزارەتی کشتوکاڵەوە پشتڕاستکراوەتەوە لە بەر ڕۆشنایی یاسا کارپێکراوەکان.