له‌ باڵكئه‌سیری توركیا 35 په‌نابه‌ری ناو به‌له‌مێكی ژێرئاوكه‌وتوو رزگاركران

گه‌ڕان به‌دوای چوار كه‌سی دیكه‌یاندا به‌رده‌وامه‌


له‌ كه‌ناراوه‌كانی شارۆچكه‌ی ئایڤاڵك سەربە پارێزگای باڵكئه‌سیر، ٣٥ په‌نابه‌ری ناو به‌له‌مێكی ژێرئاوكه‌وتوو رزگاركران.


له‌ كه‌ناراوه‌كانی شارۆچكه‌ی ئایڤاڵك سەربە پارێزگای باڵكئه‌سیر، ٣٥ كه‌س له‌ سه‌رنشینانی به‌له‌مێك كه‌ ژێرئاوكه‌وتبوو رزگاركران و گه‌ڕان به‌دوای چوار كه‌سی دیكه‌یاندا به‌رده‌وامه‌ كه‌ بێ سه‌روشوێن بوون.

كاته‌كانی شه‌و هه‌واڵدرا به‌ فه‌رمانده‌یی ئاسایشی كه‌نارده‌ریا له‌باره‌ی بوونی به‌له‌مێكی لاستیكی له‌ دووری یه‌ك میل له‌ خۆرئاوای دوورگه‌ی چپڵاك كه‌ په‌نابه‌رانی هه‌ڵگرتووه‌.

كاتێک هێزه‌كانی ئاسایشی كه‌نارده‌ریا گه‌یشتنه‌ شوێنه‌كه‌ بینییان به‌له‌مه‌كه‌ نیوه‌ی ژێرئاوكه‌وتووه‌ و سه‌رنشینانی كه‌توونه‌ته‌ ناو ئاوی ده‌ریاوه‌.

دوای داواكردنی هاوكاری سێ به‌له‌م، یەک هێلیكۆپته‌ر و تیمی ژێرده‌ریاوانی به‌مه‌به‌ستی رزگاركردنی په‌نابه‌ره‌كان ره‌وانه‌ی ناوچه‌كه‌ كران و ٣٥ كه‌سیان رزگاركردن.

سه‌رنشینانی به‌له‌مه‌كه‌ له‌ یه‌كه‌م لێدوانیاندا باسیان له‌وه‌ كرد كه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ئاسایشی كه‌نارده‌ریایی یۆنان-ه‌وه‌ به‌له‌مه‌كه‌یان درێندراوه‌ و ده‌به‌ بانزینه‌كانیان براوه‌ و گه‌ڕێندراونه‌ته‌وه‌ بۆ سنووره‌ ئاوییه‌كانی توركیا.

له‌ژێر رۆشنایی لێدوانی په‌نابه‌ره‌كان، ئۆپه‌راسیۆنی گه‌ڕان و رزگاركردنی چوار كه‌س كه‌ بێ سه‌روشوێن بوون ده‌ستی پێكردووه‌ و له‌ئێستاشدا درێژه‌ی هه‌یه‌.