سه‌رۆكی فه‌ڕه‌نسا: ئه‌نقه‌ره‌ ڕۆڵێكی تاوانكاری له‌ لیبیادا ده‌گێڕێت

وڵاتێكه‌ ‌خۆی به‌ ئه‌ندامێكی هاوپه‌یمانێتی ناتۆ ده‌زانێت

سه‌رۆكی فه‌ڕه‌نسا ئیمانوێل ماكرۆن توركیای تۆمه‌تبار كرد به‌وه‌ی جیهادییه‌كان ڕه‌وانه‌ی لیبیا ده‌كات و گوتی : ئه‌نقه‌ره‌ ڕۆڵێكی تاوانكاری  له‌ لیبیادا ده‌گێڕێت.

هه‌روه‌ها گوتی:  پێم وایه‌ ئه‌مه‌ به‌رپرسیارێتیه‌كی مێژوویی و تاوانكاریی وڵاتێكه‌ كه‌ خۆی به‌ ئه‌ندامێكی هاوپه‌یمانێتی ناتۆ ده‌زانێت.

گوتیشی :  توركیا جیهادییه‌كانی سوریا به‌ ژماره‌یه‌كی زۆر ڕه‌وانه‌ی لیبیا ده‌كات.

له‌م هه‌فتانه‌ی ڕابردوودا توركیا به‌شێوه‌یه‌كی زیاتر و فراوانتر به‌شداریكرد له‌ ململانێ ناوخۆییه‌كانی لیبیادا به‌جۆرێك پشتیوانی ئاسمانی بۆ هێزه‌كانی حكومه‌تی لیبیا ته‌رخانكرد و چه‌ك و چه‌كداری سوریی ڕه‌وانه‌ی ئه‌و وڵاته‌ كرد بۆ به‌گژاچوونه‌وه‌ی هێزه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی لیبیا به‌ ڕابه‌رایه‌تی خه‌لیفه‌ حه‌فته‌ر.

شایانی باسه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان توركیا و فه‌ڕه‌نسا به‌هۆی لیبیا و باكووری سوریا و گه‌ڕان به‌دوای سوته‌مه‌نیدا له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ده‌ریای ناوه‌ڕاست له‌لایه‌ن توركیاوه‌ تێكچوون و فه‌ڕه‌نسا به‌ به‌رده‌وامی ڕه‌خنه‌ له‌ پشتیوانیه‌كانی توركیا ده‌گرێت بۆ حكومه‌ته‌كه‌ی لیبیا.

ژێده‌ر/  ڕۆیته‌رز+ ده‌نگی ئه‌مریكا