له‌ شیرینی خه‌ودا كوڕێك له‌ كه‌ركوك باوكی خۆی ده‌كوژێت

به‌ چه‌كی جۆری ده‌مانچه‌

له‌ گه‌ڕه‌كی ده‌روازه‌ی شاری كه‌ركوك دره‌نگانی شه‌وی ڕابردوو، مێردمنداڵێك له‌ شیرینی خه‌ودا باوكی خۆی ده‌كوژێت.

له‌ باره‌ی ڕووداوه‌كه‌وه‌ په‌یامنێری كوردستان تیڤی له‌ كه‌ركوك پێیڕاگه‌یاندین: به‌ پێی وته‌ی پۆلیسی ئازادی، شه‌وی ڕابردوو كه‌سێك به‌ ناوی "فه‌رمان مه‌لا حه‌مه‌ده‌مین" له‌ ماڵه‌كه‌ی خۆیدا و له‌ كاتێكدا كه‌ خه‌وتووه‌ به‌ ده‌ستی كوڕه‌ ته‌مه‌ن 16 ساڵانه‌كه‌ی به‌ چه‌كی جۆری ده‌مانچه‌ كوژراوه‌.

ڕاشیگه‌یاند: به‌ پێی زانیارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان، كێشه‌یه‌كی بچووك له‌ نێوان باوك و كوڕه‌كه‌ ڕوویداوه‌ باوكه‌كه‌ به‌مه‌به‌ستی ته‌مبێكردنی له‌ كوڕه‌كه‌ی داوه‌، كوڕه‌كه‌ش به‌ مه‌به‌ستی تۆڵه‌كردنه‌وه‌ له‌ كاتی خه‌وتنیدا باوكی خۆی كوشتووه‌.