هاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی دەنگۆی بەشداریكردنی لە ئۆپەراسیۆنەكەی دۆرەی به‌غدا ڕەت دەكاتەوە

لەلایەن دژەتیرۆری عێراقەوە دژبە گرووپە چەكدارەكان ئەنجامدرا

 


 هاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتیی دژبە داعش: بەشدارییمان لە ئۆپەراسیۆنەكەی ناوچەی دۆرە باشووری بەغدا نەكردووە كە لەلایەن هێزەكانی دژەتیرۆری عێراقەوە دژبە گرووپە چەكدارەكان ئەنجامدرا.

هاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتیی دژبە داعش بڵاوی كردەوە كە بەشداری لە ئۆپەراسیۆنەكەی ناوچەی دۆرە باشووری بەغدا نەكردووە كە لەلایەن هێزەكانی دژەتیرۆری عێراقەوە دژبە گرووپە چەكدارییەكان ئەنجامدرا و ئاماژە بەوەیش دەكات، ئەو دەنگۆیەی لەوبارەوە بڵاوكراوەتەوە، دوورە لە راستییەوە.

لەمبارەیەوە گوتەبێژی هاوپەیمانیەتی نێودەڵەتیی دژبە داعش، مایڵز كاگنیز لە لێدوانێكی رۆژنامەوانییدا ئەوەی گوتووە "هێزەكانی هاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتیی دژبە داعش لە عێراق، لەژێر پاراستنی حكوومەتی عێراقە".

گوتیشی: "تەنها حكوومەتی عێراق بڕیارەكان دەردەكات، هێزەكانی ئەمریكا و هێزەكانی دیكەی هاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتیی دژبە داعش مافی دەستوەردانیان لەوبارەیەوە نییە".

لە لایەكی دیكەوە گوتەبێژی سەرۆكوەزیرانی عێراق، ئەحمەد موللا تەڵال رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنەكەی ناوچەی دۆرە لە بەغدا بۆسەر بارەگای كەتیبەكانی حزبوڵڵا، تەنها لەلایەن هێزەكانی دژەتیرۆری عێراقەوە ئەنجامدراوە.

ئەحمەد موللا تەڵال لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی تویتەر نووسیوویەتی "ئۆپەراسیۆنەكەی دۆرە كە ئامانج لێی پاراستنی شكۆی دەوڵەت بووە، لەڕووی پلاندانان و جێبەجێكردنەوە، تەواو عێراقی بووە ".

دوێنێ‌ شەممە گوتەبێژ بەناوی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق، یەحیا رەسول بە ئاژانسی ئانادۆڵوی رایگەیاند بوو "ئامانج لەو ئۆپەراسیۆنەی كە هێزەكانی دژەتیرۆر ئەنجامیدا و لە میانیدا، 14 چەكدار دەستگیركران و دەستیش بەسەر سەكۆی مووشەك بۆ كردنە ئامانجی ناوچەی سەوزدا گیرا، گەڕانەوەی شكۆ بوو بۆ دەوڵەت".

رۆژی هەینی لە بەغدا هێزێكی سەربە دژەتیرۆر هەڵیكوتایە سەر بارەگایەكی كەتیبەكانی حزبوڵڵای عێراق سەربە حەشدی شەعبی نزیك لە ئێران كە بانگەشەی ئەوە دەكرێت هێرشی مووشەكیان كردووەتە سەر ناوچەی سەوز و 14 كەسیان دەستگیركرد.

لە بەرامبەردا هێزێكی سەربە حەشدی شەعبی هەڵیكوتایە سەر باڵەخانەی دژەتیرۆر لە ناوچەی سەوز و سەربازەكانی نێو بیناكەی دەستگیركردووە.

لە ماوەی رابردوودا، چەندین جار بنكە و بارەگای هێزەكانی ئەمریكا لە بەغدا كەوتە بەر هێرشی مووشەكی و هەندێك گرووپی ناو حەشدی شەعبی بە ئاشكرا بەرپرسیارێتی خۆیان لە هەڵدانی مووشەكەكان و بە ئامانجگرتنی بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا راگەیاندبوو.