واشنتۆن رێگا نادات تاران چه‌ك بكرێ

ئه‌مڕۆ ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بڕیاری له‌سه‌ر ده‌دات

بڕیاره‌ ئه‌مرۆ چوارشەممە، ئەنجومەنی ئاسایشی رێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان، یەکەمین كۆبوونه‌وه‌ی خۆی سەبارەت بە پێشنیارەکەی ئەمەریکا بۆ درێژ کردنەوەی ماوه‌ی قەدەغەکردنی كڕینی چه‌كوچۆڵ له‌ لایه‌ن ئێرانه‌وه،‌ دەست پێبكات.

مایك پۆمپیۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا، دوێنێ سێشه‌ممه‌، ڕێكه‌وتی ٢٣ی جونی ٢٠٢٠، له‌ رێگای تویته‌ره‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌م باسه‌ نوسیبووی: "ئه‌گه‌ر بێتوو له‌ مانگی ١٠دا، یاسای قه‌ده‌غه‌كردنی چه‌ك كرین له لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ كۆتایی پێبێ، ئه‌وه‌ تاران ده‌كارێ فرۆكه‌ شه‌ڕكه‌ره‌كانی ئێس یو-٣٠٠ی روسیاو جی-١٠٧ چین بكرێ، به‌م كه‌ره‌سته‌ شه‌ڕكه‌رانه‌ كه‌ به‌ جیددی مه‌رگ خولقێنن، ئیدی ئاسیاو ‌ئورووپا ده‌بنه‌ ئامانجی ئێران. ئه‌مریكا ئیزن نادات ئه‌مه‌ روو بدات."

به‌ گوێره‌ی ئه‌و زانیاریانه‌ی كه‌ دزه‌یان پێكراوه‌، ئه‌مریكا پێشتر ره‌شنووسی بڕیارنامه‌یه‌كی له‌م باره‌وه‌ ئاماده‌ كردوه‌و داویه‌ته‌ ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ر له‌ نوێ یاسای قده‌غه‌ كردنی كڕینی چه‌ك له‌ لایه‌ن ئێرانه‌وه‌، درێژ بكه‌نه‌وه‌.

کێلی کرافت، باڵوێزی ئه‌مریكا له‌ رێكخراوی نه‌ته‌وه‌ ‌یه‌كگرتوه‌كان پێشتر باسی له‌وه‌ كردبوو كه‌ وڵاته‌كه‌ی بەرنوسی بڕیارێک بۆ درێژ کردنەوەی ئابلوقەی كڕینی چەک له‌ لایه‌ن ئێران ئاماده‌ كردوه‌. واشنگتن هۆشداری داوه‌ ئه‌گه‌ر بێتوو له هەوڵه‌كه‌ی دا دژی ئێران سه‌رنه‌كه‌وێ، ئەوا به‌ گوێره‌ی رێكه‌وتننامه‌ی سالی ٢٠١٨، سه‌رجه‌م سزاکانی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ سەر ئێران دێنێته‌وه‌ ئاراوه‌.

له‌ ڕه‌شنووسی بڕیاره‌كه‌ی ئه‌مریكادا باس له‌وه‌ كراوه‌ كه‌ گشت وڵاتان ده‌بێ راسته‌وخۆ یان ناراسته‌وخۆ خۆ له‌ فرۆشتن و ناردنی چه‌ك بۆ ئێران ببوێرن، ته‌نیا له‌ حاڵێكدا نه‌بێ كه‌ كۆمیته‌یه‌كی شۆرای ئه‌نجومه‌نی ئاسایش، لانیكه‌م ماوه‌ی مانگێك به‌ر له‌ واده‌ی ناردنی چه‌كه‌كان، په‌سه‌ندی بكات.

له‌ به‌شێكی ئه‌و ره‌شنووسه‌دا، كه‌ بۆ كۆنگرێسی ئه‌مریكاش نێرداوه‌، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ پێداگری له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كردوه‌ كه‌: "ده‌ستوێراگه‌یشتنی ئێران به‌ چه‌كوچۆڵ ئاشتی و ئاسایشی جیهان ده‌خاته‌ مه‌ترسییه‌وه. ئه‌مریكا به‌رده‌وام ڕایگه‌یاندوه‌‌ ئێران ده‌بێ بێئه‌ملاولا، به‌ بێ كات كوشتن، حاشاكردن و فریوكاری رێگا به‌ پشكنینی تیمه‌كانی ئاژانسی نێونه‌ته‌وه‌یی چه‌كی ئه‌تۆم بدات و له‌م باره‌وه‌ ئه‌ركه‌كانی خۆی جێبه‌جێ بكات.

چوونكه‌ شاردنه‌وه‌ی راستییه‌كا پێشێل كردنی به‌ندی سێهه‌می په‌یمانامه‌ی به‌رگرتن به‌ بڵاوبونه‌وه‌ی چه‌كی كۆمه‌ڵكوژه‌ كه‌ ئێران بۆ خۆی واژۆی كردوه‌. ئه‌مریكا رازیه‌‌ ئێران به‌رنامه‌ی پیتاندنی ئۆرانیۆم په‌ره‌ پێبدات، لێ ئه‌مریكا پابه‌نده‌ به‌وه‌ی كه‌ گشت ئه‌و رێگایانه‌ بگرێ كه‌وا ئێران بتوانی لێیانه‌وه‌ ده‌ستی به‌ چه‌كی ناوكی و كۆمه‌ڵكوژ بگات." پێشتر سكرتێری گشتیی نه‌ته‌ویه‌كگرتوه‌كان ئانتۆنی گۆتێرێس له‌ راپۆرتێكدا بۆ ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش ئه‌وه‌ی پشتراست كردبوه‌وه‌ كه‌: "ئەو موشەکە کروزانەی له‌ ڕابردوودا لە چەند هێرشێکدا بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکان و فڕۆکەخانەیەکی نێونەتەوەیی عەرەبستانی سعودیە بە کار هاتبوون دروستکراوی ئێران بوون."

سكرتێری گشتیی یوئێن له‌ راپۆرته‌كه‌داو له‌م باره‌وه‌ وتویه‌تی: "له‌ مانگی ١١ی ساڵی ٢٠١٩دا، هه‌روه‌ها له‌ مانگی ٢ی ٢٠٢٠ ئه‌مریكا ده‌ستی به‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی دا گرت كه‌ دروستكراوی ئێران بوون. شێوازو دیزانی ئه‌و کەرەستانه‌ وه‌كوو ئه‌وانه‌یه‌ كه‌ ئێران له‌ كارگه‌كانی بازرگانی خۆی دا به‌رهه‌میان دێنێ.

به‌شێك له‌و چه‌كانه‌ لە نێوان مانگی ٢ی ساڵی ٢٠١٦ بۆ مانگی ٤ی ٢٠١٨ ڕه‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌‌ كرابوون." واشنگتن ماوه‌یه‌كی زۆره‌ هه‌موو هەوڵه‌كانی خۆی خستۆته‌ گه‌ڕ تاكوو ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان قایل بكات‌ ئابولقه‌ی چه‌ك كرینی سه‌ر ئێران درێژ بكه‌نه‌وه‌، به‌ر له‌وه‌ی ئه‌و واده‌یه‌ كۆتایی بێ. سكرتێری نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان ساڵانە ٢ جار ڕاپۆرتی خۆی لەسەر جێبەجێکردنی ئابوڵقەی چەک بۆ سەر ئێران و ئەو کۆتوبەندانەی دیكه‌ کە پاش ڕێککەوتنە ناوکییەکە مابوون، پێشكه‌شی ئەنجومەنی ئاسایش ده‌كات.

بڕیارە لە کۆتایی ئەم مانگەدا ئەنجوومه‌نه‌كه‌ شه‌نوكه‌وی راپۆرته‌كه‌ی سكرتێری گشتیی بکات. ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش ١٥ ئه‌ندامی هه‌یه‌و له‌و نێوه‌دا وڵاتانی ئه‌مریكا، ڕوسیا، چین، بریتانیاو فه‌رانسه، وه‌كوو ئه‌ندامی دایم و نه‌گۆر،‌ مافی ڤتۆیان هه‌یه. بۆ ئه‌وه‌ی قەدەغەکردنی كڕین و بازرگانی چەک لەسەر ئێران درێژ بکرێتەوە، ده‌بێ لانیكه‌م له‌ كۆی ١٥ ئه‌ندامه‌كه‌، ٩ ئەندام ده‌نگ به‌ پرۆژه‌ بڕیاره‌كه‌ بده‌ن، هه‌روه‌ها هیچ وڵاتێك مافی ڤیتۆ دژی بڕیارەکه‌ بەکار نه‌هێنێت.

پێشتر چین و روسیا‌ نه‌یاری خۆیان بۆ هەنگاوانه‌ی ئه‌مریكا له‌ دژی ئێران ڕاگه‌یاندوه‌. به‌ گوێره‌ی رێكه‌وتنی ناوكی وڵاتانی ٥+١‌ له‌گه‌ڵ ئێران، كه‌ مانگی ٧ی ساڵی ٢٠١٥دا، له‌ ڤییه‌ن، هاته‌ ئاراوه‌، مانگی ١٠ی ئه‌مساڵ واده‌ی به‌ربه‌ستی كڕینی چه‌ك له‌ لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ كۆتایی دێت.

واشنتۆن مانگی ٥ی ساڵی ٢٠١٨، یه‌ك لایه‌نه‌ له‌و رێكه‌وتنی ناوكی كشایه‌وه‌و رایگه‌یاند ئێران به‌نده‌كانی رێكه‌وتنه‌كه‌ی پێشێل كردوه‌و په‌ره‌ی به‌ ناسه‌قامگیری رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌راست داوه‌و پشتیوانی گروپه‌ تیرۆریستییه‌كانی كردو.

ره‌حیم ڕه‌شیدی