چالاكییه‌كانی نووسەرانی دھۆك له‌ كتێبێكدا بڵاو كراییه‌وه‌

لە ئامادەکردنی نووسەر خالید ساڵح

رەنج و خەباتی ساڵانی نێوان 2003 هەتا 2020ی یەکێتی نووسەرانی کورد/ لقی دهۆک لە چوارچێوەی کتێبێکدا کەوتە بەر دەستی خوێنەران. پێشتر چالاکییەکانی لقی دهۆکی یەکێتی نووسەران لە ساڵی 1991 هەتا ساڵی 2003، لە بەرگەی کتێبێکی دیكەدا چاپکرابوون.

ئەم کتێبە بە دیزاینێکی نوێ هەموو چاپكراوە و تێیدا، فێستیڤاڵەکانی رۆشنبیری ( 1- 2 – 3 – 4)، کونفرانسەکانی (4 – 5 – 6)، دەستەکانی بەڕێوەبردنی لقی دهۆک لە 12/8/1971وە هەتا 2020، وەشان و چاپەمەنی و بیبلۆگرافیای گۆڤاری پەیڤ لە 17 ساڵی رابوردوودا، لەخۆدەگرێت. 

کاروانی رۆشنبیری یەکێتی نووسەرانی کورد/ لقی دهۆک 2003-2020، بە سەرپەرشتی دەستەی بەڕێوەبەر و لە ئامادەکردنی نووسەر خالید ساڵح و لە درهێنانی مەسعوود خەڵەف، بە تیراژی 500 دانە و بە ژمارەی سپاردن لە بەڕێوبەرایەتی پەرتووکخانە گشتییەکان لە دهۆک، چاپکراوە.

لە پێشەکی ئەم کتیبەدا، حەسەن سلیڤانەیی، سەرۆکی یەکێتی نووسەران / لقی دهۆک پوختەی ناوەڕۆکی کتێبەکە دەخاتەڕوو و نووسیویەتی "نووسەرانی کورد، بە قەڵەم و بەرهەمەکانی خۆیان بەهێزێکی هزریەوە لە خزمەتی ئاوەدانکردنەوەی کوردستانی ئازیزدان. باوەڕیان بە دیموکراسی و مافی مرۆڤ و رۆشنبیرییە جیاوازەکان و قبووڵکردنی ئەوانی دیكە هەیە، هەمیشە گیانی پێکەوەژیانیان پاراستییە و رێزیان لێگرتووە".

هەر لەو پێشەکییەکەیدا، سەرۆکی لقی دهۆکی نووسەران، سوپاسی هاوکای و پشتیوانی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات لە بەرامبەر پشتیوانی بۆ بزاڤی رۆشنبیری کوردی و لە ئەستۆگرتنی ئەرکی بە چاپ گەیاندنی ئەم کتێبە لە لایەن نووسینگەی سەرۆكی حكومەت.