تومه‌نی ئیرانی دابه‌زینێكی گه‌وره‌ی به‌رامبه‌ر به‌ دۆلار تۆماركرد

یه‌كه‌مجاره‌ بگاته‌ ئه‌و ئاسته‌

دراوی تمه‌نی ئێرانی به‌هۆی سزاكانی ئه‌مه‌ریكاوه‌ بۆ نزمترین ئاستی دابه‌زی. له‌گه‌ڵ سزاكانی واشنتن و بلاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا تمه‌نی ئێرانی زیاتر به‌هاكه‌ی له‌ده‌ستداوه‌.

ئه‌مڕۆ هه‌ر دۆلارێكی ئه‌مه‌ریكی به‌رامبه‌ر به‌ 19‌ هه‌زار تمه‌ن مامه‌ڵه‌ی پێوه‌كراوه‌. كاتێك ئه‌مه‌ریكا له‌ ڕێككه‌وتنی ئه‌تۆمی كشایه‌وه‌و دووباره‌ سزا ئابوورییه‌كانی به‌سه‌ر تاراندا سه‌پانده‌وه‌و هه‌نارده‌ی نه‌وتی ئێران كه‌ سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی داهاتی ئه‌و وڵاته‌ بوو به‌ڕێژه‌یه‌كی زۆر دابه‌زاند.

هه‌فته‌ی ڕابردووش ئیسحاق جه‌هانگیری جێگری سه‌رۆك كۆماری ئه‌و وڵاته ڕایگه‌یاند‌ داهاتی نه‌وتی ئێران بۆ 8 ملیار دۆلار دابه‌زیووه‌، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ ساڵی 2011‌ داهاتی نه‌وتی ئێران 100 ملیار دۆلار بوو. ئه‌مساڵ سه‌ره‌ڕای هۆشدارییه‌كانی واشنتن، ئێران پێنج كه‌شتی به‌نزین و به‌رهه‌مه‌ هاوشێوه‌كانی بۆ ڤه‌نزوێلا ڕه‌وانه‌ كردووه‌ ، به‌هاكه‌ی نزیكه‌ی 45 ملیۆن و 500 هه‌زار دۆلار ده‌بێت.

ئه‌مساڵیش بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا ، كاریگه‌رییه‌كانی له‌سه‌ر ئابووری ئێران قوڵتركرده‌وه‌ . له‌ نێو وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست زۆرترین مردن به‌ ڤایرۆسی كۆۆنا له‌ ئێران تۆماركراوه‌ ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌و وڵاته‌ له‌ ناوه‌ڕاستی مانگی نیسانه‌وه‌ ده‌ستی كرد به‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی ڕێكاره‌كانی دژی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆناو كردنه‌وه‌ی بازاڕه‌كان.