له مۆسكۆ هونه‌رمه‌ندێكی ناوداری كورد كۆچی دوایی كرد

بڕیاره‌ ئه‌مرۆ هه‌ینی  19/6/2020 له ‌گۆڕستانی شاری مۆسكۆ بە خاكبسپێردرێت

له ‌شاری مۆسكۆ، نیگاركێشی ناوداری كوردی رووسیا "قولیخان مه‌مێده‌ڤیچ ژابۆیێڤ،"له‌ ته‌مه‌نی 72 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد.

 قولیخان ژابۆیێڤ، نیگاركێشی هاوچه‌رخ له ‌ساڵی 1948 له‌ تبلیسی پایته‌ختی جۆرجیا له ‌خێزانێكی كورد له دایكبووه‌،  خێزانه‌كه‌ی دوای كاره‌ساته‌ تراژیدییه‌كه‌ی ساڵی 1915 كه ‌له‌ توركیا روویدا،  وه‌ك زۆرێك له‌ خێزانه‌كانی تری كورد توركیایان به‌ره‌و جۆرجیا جێهشێت.

قولیخان، له‌ سه‌ره‌تای منداڵیه‌وه‌ خولیای وێنه‌كێشان و میوزیكی هه‌بووه‌، هێشتا له‌ قوتابخانه‌ی سه‌ره‌تایی بووه‌، تێگه‌یشتووه‌ له‌گه‌ڵ هونه‌ر دوو باڵی مه‌لێكن، پاش قوتابخانه‌ په‌یمانگای وێنه‌كێشانی تبلیسی ته‌واوكردوو و وه‌ك دیزاینه‌ر ده‌ستی به‌كاركردووه‌، به‌رده‌وام سه‌رقاڵی كێشانی وێنه‌ی سروشت و وێنه‌ی جێگر و پۆرترێت بووه‌.

له‌ساڵی 1980  چووەته‌ زانكۆی مۆسكۆی میری بۆ وێنه‌كێشان به‌ناوی سوریكۆڤ، له ‌ساڵی 1986  كۆلێژی وێنه‌كێشانی له‌هه‌مان زانكۆ ته‌واوكردووه‌، دوا پرۆژه‌ی بۆ ده‌رچوون له‌ زانكۆ، نیگارێكه‌ به‌ناوی (قه‌ڵای دم دم)، سرووشی ئه‌م وێنه‌یه‌ی له‌ رۆمانی(قه‌ڵای دم دم)ی عه‌ره‌بی شه‌مۆ وه‌رگرتووه‌، هۆكاری هه‌ڵبژاردنی ئه‌م بابه‌ته‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ خۆشه‌ویستی قولیخان بۆ كولتووری گه‌له‌كه‌ی كه ‌له‌گه‌ڵ شیری دایكیدا پێی گۆشكراوه‌.

ژیان له‌ناو خزم و كه‌س و كاره‌كانی و گوێگرتن له‌سترانی كوردی، داستان و ئه‌فسانه‌ كوردییه‌كان، داب ونه‌ریت، چیرۆكه‌كانی ژیان له‌ نیشتمانی باوانی، شوێن و كاریگه‌ریان له‌سه‌ر رووحی قولیخان هه‌بووه‌، له‌ به‌رهه‌م و تابلۆكانی قولیخاندا، ژیان و خۆشه‌ویستی و  میهره‌بانی ره‌نگیان داوه‌ته‌وه‌. ئه‌و پێی وابوو ته‌نها جوانی شایسته‌ی فڵچه‌ی تابلۆكێشه‌، تیشكی گه‌شی خۆر ده‌بێت شادی به‌چاو ببه‌خشێ و ده‌روون ئارام بكاته‌وه‌ و هیوا بچێنێت.

به‌درێژایی ژیانی زیاد له‌ 150 تابلۆی كێشاوه‌، ئه‌ندامی فیدراسێۆنی نێوده‌وڵه‌تی نیگاركێشانی سەربە ‌رێكخراوی یونسكۆ بوو، ھەروەھا تاكە كورده‌ كه‌ به‌رهه‌می له‌ به‌ناوبانگترین گه‌له‌ری رووسیا، به‌ناوی گەلەری ترێتیكۆڤ لەشاری مۆسكۆ له‌ پاڵ تابلۆی نیگاركێشه‌ به‌ناوبانگه‌كانی رووسیا و جیهان هه‌ڵواسراوه‌.

لەبارەی پرسە و  رێوڕەسمی ناشتنی، یه‌كێك له‌ ئه‌ندامانی خانه‌واده‌كه‌ی به‌ كوردستان24  راگه‌یاند، بڕیاره‌ ئه‌مرۆ هه‌ینی  19/6/2020 له ‌گۆڕستانی شاری مۆسكۆ له‌ ته‌نیشت ئازیزانی دیكەی بە خاكبسپێردرێت.