راگەیەندراوێك لە پارێزگاری سلێمانییەوە

بۆ هەموو یەکە کارگێڕیی و فەرمانگە پەیوەندیدارەکان


پارێزگاری سلێمانی رایدەگەیەنێت، پاڵپشت بە بەیاننامەی وەزارەتی ناوخۆ، كاتژمێر 6ی ئێوارەی ئەمڕۆ بازاڕ و شوێنە گشتییەكان دەكرێنەوە، هەركەس ‌و شوێنێك پابەندی تەواوی رێكارو رێنماییە تەندروستیی ‌و كارگێڕیی ‌و ئارامییەكان نەبێت، شوێنەكەی بۆماوەی هەفتەیەك دادەخرێت ‌و رێكاری یاساییش بەرامبەر خۆی دەگیرێتەبەر.

دەقی راگەیەندراوی پارێزگاری سلێمانی:

بۆ/ هەموو یەکە کارگێڕیی و فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی

بابەت/ گشتاندن

پاڵپشت بە بەیانی ژمارە (38)ی ساڵی (2020)ی وەزارەتی ناوخۆو پاشكۆكانی و بڕیارەكانی كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی هەرێمی كوردستان ڕۆژی (2/6/2020)و بڕیارەكانی كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا لە ڕۆژی (1/6/2020)، لەپێناوی پاراستنی ئاسایشی تەندروستی ‌و تەندروستیی گشتیی هاووڵاتیان ‌و بەرگرتن لە تەشەنەكردنی پەتای كۆرۆنا و بەرزكردنەوەی ئاستی خۆپارێزیی لەلایەن هاووڵاتیانی بەڕێزەوە، لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا بڕیاری لەم رێكارو رێنماییانەی خوارەوە داو پێویستە وەكو خۆیان جێبەجێ‌ بكرێن ‌و هەر خەمساردیی ‌و كەمتەرخەمییەك، لایەنی فەرمیی جێبەجێكار رووبەڕووی لێپرسینەوەو رێكاری یاسایی ‌و كارگێڕیی توند دەكاتەوە:

1-بەیانی ژمارە (38)ی ساڵی (2020)ی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان و هەردوو نووسراوی ژمارە (7253 و 7254)ی رۆژی (1/6/2020)ی وەزارەتی ناوخۆ وەكو خۆیان جێبەجێ‌ دەكرێن‌ جگە لەو بڕگانەی کە لەم راگەیەندراوەدا هەموارکراونەتەوە، پێویستە هەموولایەك پابەندی بڕگەكانی ئەم بڕیارانە بن.

2- لە سەعات (6)ی ئێوارەی رۆژی (3/ 6/2020)ەوە بەپێی ئەم راگەیەندراوەو رێكارو رێنماییەكانی پێشتر لەلایەن وەزارەتە پەیوەندیدارەكان‌ و لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆناو قائمقامیەتی قەزای مەڵبەندی سلێمانی ‌و بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی ‌و فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی تر پەیوەست بە بوارە جیاجیاكان دیاریكراون، لەژێر چاودێریی‌ و لێپرسینەوەو پشكنینی وردو توندی لیژنەكانی بەدواداچوون‌ و لیژنەكانی قائمقامیەتەكان ‌و بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستیدا، سێكتەرەكان دەكرێنەوە، هەركەس‌و شوێنێك پابەندی تەواوی رێكارورێنماییە تەندروستیی ‌و كارگێڕیی ‌و ئارامییەكان نەبێت، شوێنەكەی بۆ ماوەی هەفتەیەك دادەخرێت‌ ورێكاری یاساییش بەرامبەر خۆی دەگیرێتەبەر.

3- پێویستە هەموو ئەو بوارو سێكتەرو شوێنی كارو دامەزراوانە لە كەرتی گشتی‌ و تایبەتدا، پابەندی تەواوی رێوشوێنەكانی تەندروستیی‌ و خۆپارێزیی بن‌و پێداویستی پاكژكردنەوەو كەلوپەلی خۆپارێزیی بەكاربهێنن و پەیڕەوی ڕێنماییە تەندروستییەكان بكەن.

٤-پێویستە دووریی نێوان كەسێك بۆ كەسێكی تر لە هەموو شوێنە گشتیی‌و فەرمانگەو دامەزراوەكان‌و بازاڕو مۆڵ‌و ماركێتەكاندا لە (یەك مەترو نیو) كەمتر نەبێت‌و نابێت لە هیچ شوێنێكدا بەریەككەوتن ‌و تێكەڵاوبوون‌ و كۆڕو كۆبوونەوەو قەرەباڵغی رووبدات، بەپێچەوانەوە ئەو شوێنە دادەخرێت ‌و خاوەنەكەی رووبەڕووی رێكاری یاسایی دەكرێتەوە، لە فەرمانگەکانی دەوڵەتیشدا بەڕێوەبەری فەرمانگەکە رووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی و کارگێڕیی دەکرێتەوە.

5- لە رۆژی (7/ 6/2020)ەوە بەپێی ئەو بەرنامەیەی پێشتر لەلایەن هەر فەرمانگەیەكەوە دیاریكراوە دەوامی فەرمیی فەرمانگەكانی دەوڵەت دەستپێدەكاتەوە، پێویستە فەرمانبەران پابەندی تەواوی ڕێوشوێن‌و رێكارو رێنماییە تەندروستیی ‌و خۆپارێزییەكان بن‌ و پێشوازیی لە هیچ سەردانكەرو هاووڵاتییەك ناكرێت ئەگەر كەلوپەلی خۆپارێزیی (ماسك‌ و دەستكێش)ی بەكارنەهێنابێت، لە هەموو فەرمانگەكاندا پێویستە لەڕێی سیستمی یەك پەنجەرەوە مامەڵەكان لە هاووڵاتیان وەربگیرێت‌ و لەهەمان شوێنەوە وەڵام بدرێنەوەو هاتنە ناو بەڕێوەبەرێتی‌و بەش ‌و ژوورەكانی فەرمانگەكان قەدەغەیە، لە هەر شوێنێكدا سەرپێچی بكرێت بەڕێوەبەری ئەو فەرمانگەیە رووبەڕووی لێپرسینەوەو رێكاری یاسایی دەكرێتەوە.

6- پێویستە هاووڵاتیانی خۆشەویست پابەندی تەواوی بڕیارو رێنمایی و رێكارە تەندروستیی و خۆپارێزییەكان بن و رۆڵی شیاوی خۆیان لە پاراستنی تەندروستی خۆیان و خەڵكدا ببینن و لە روودانی هەر نەخۆشیی و ناخۆشییەک و کەمتەرخەمییەکدا خۆیان بەرپرسیار دەبن و ئەگەر زیانیان بە تەندروستیی گشتیی گەیاند لەلایەن فەرمانگەی داواکاری گشتییەوە رێکاری یاساییان لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر.

7- تیمی تەندروستی ‌و پشكنین لە هەموو دەروازە نێودەوڵەتی‌و بازگە سەرەكییەكانی نێوان سلێمانی‌ و شارەكانی تری دەرەوەی هەرێمی كوردستاندا بە جێگیریی دەمێننەوەو پشكنین ‌و رێنمایی تەندروستیی پێشكەش دەكەن، هەر كەمتەرخەمییەك لەم بوارەدا بەڕێوەبەری دەروازەو مەرزو بازگەكان ‌و بەڕێوەبەرێتی گشتیی تەندروستی رووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی‌و كارگێڕیی دەكاتەوە.

8- دوای تەواوبوونی ماوەی كەرەنتینەكردنی دیاریكراوی دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ وەك لە بڕگەی (دەیەم)ی بەیانی ژمارە (38)ی ساڵی (2020)ی وەزارەتی ناوخۆدا هاتووە، دەروازەكە لەژێر رێوشوێن‌و رێكارو رێنمایی توندی تەندروستیی ‌و كارگێڕیی‌و ئارامییدا دەكرێتەوەو هەماهەنگیی لەگەڵ لایەنی كۆماری ئیسلامیی ئێران دەكرێت بۆ كۆنترۆڵكردنی تەواوی لایەنی تەندروستیی لە هەردوولاوە.

9- هاتووچۆ لەنێوان سنوری ئیداری پارێزگای سلێمانی ‌و پارێزگاكانی تری دەرەوەی هەرێمی كوردستاندا بە راگیراوی دەمێنێتەوەو لەدوای (7/6/2020)یشەوە پێویستە تەنها بە رەزامەندیی وەزارەتی ناوخۆو بەپێی پشكنین‌و رێكاری تەندروستیی‌و كۆرەنتینەكردن هاتووچۆی دیاریكراوی رێگەپێدراو هەبێت، بازگەی جێگیرو تیمی گەڕۆك لە هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ راسپێردراون بۆ كۆنترۆڵكردن‌و ناوچەو رێگا لاوەكیی‌و نایاساییەكان ‌و هەركەس هەوڵی بە نایاسایی هاتنە سنوری ئیداریی پارێزگای سلێمانی بدات رووبەڕووی رێكاری یاسایی توند دەكرێتەوە.

10- داوا لە هەموو لایەنە سیاسییەكان و دەستەبژێرو كەسایەتییە ئایینی‌و سیاسیی ‌و كۆمەڵایەتی‌و رۆشنبیرییەكان دەكەین، كە هەماهەنگیی تەواوی دامودەزگاكانی حكومەتی خۆجێی سلێمانی و حكومەتی هەرێمی كوردستان بن‌و، رۆڵی شایان و پێویستی خۆیان لە پاراستنی ئاسایشی تەندروستیی و تەندروستیی گشتیدا ببینن ‌و هەموو ئەندام و لایەنگرو هەوادارەكانیان دڵنیا بكەنەوە، كە مەترسیی پەتای كۆرۆنا مەترسییەكی جدییە و هەر كەمتەرخەمیی ‌و بەكەمگرتنێك كارەساتی گەورەی تەندروستیی‌و مرۆیی لێدەكەوێتەوە.

11- داوا لە هەموو دەزگاو كەناڵەكانی راگەیاندن ‌و چالاكانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەكەین، كە رۆڵی مێدیایی‌و نیشتمانیی ‌و مرۆیی خۆیان لە رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆناو بەرزكردنەوەی ئاستی پابەندبوون‌و خۆپارێزیی هاووڵاتیاندا ببینن‌و وەك هەمیشە چاودێرێكی وردی سەر دامەزراوە دەوڵەتیەكان بن بۆ جێبەجێكردنی ئەرك ‌و رێكارە یاساییەكان، هەركەس ‌و كەناڵێك گیانی سەركەشیی‌ و بێباكیی ‌و گومانی بەكەمگرتن ‌و شێواندنی راستییەكان بڵاوبكاتەوە، لەلایەن فەرمانگەی داواكاری گشتییەوە رێكاری یاسایی پێویستی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.

12- هەركەسێك هەوڵی بەقاچاخ هاتنەوە، یان بەقاچاخ هێنانەوەی خەڵك بدات، رێكاری یاسایی توندی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.

13- هەموو هۆكانی گواستنەوەی گشتی (تەكسی، پاس، مینی پاس) پێویستە پابەندی رێكارو رێنماییە تەندروستیی ‌و خۆپارێزییەكان بن‌ و بەپێچەوانەوە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانییەوە بۆماوەی هەفتەیەك دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەكانیاندا دەگیرێت.

14- لیژنەیەكی بەدواداچوونی هاوبەش لە هەموو یەكە كارگێڕییەكانی سنوری پارێزگای سلێمانیدا، لە (نوێنەری قائیمقامیەت، هێزە هاوبەشەكانی لیژنەی ئارامیی، نوێنەری هەریەك لە بەڕێوەبەرایەتیەكانی تەندروستی، ئەوقاف، گەشتوگوزار، شارەوانی) لە ئەمڕۆوە لەژێر چاودێری قائیمقامی قەزاكاندا پێكدەهێنرێت ‌و رێكاری راستەوخۆ و خێرا بەرامبەر هەركەس ‌و شوێنێكی سەرپێچیكار دەگرنەبەرو هەماهەنگیی تەواوی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتەکان و بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی و بەڕێوەبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستیی دەبن.

15- پێویستە بەنزینخانەو كارمەندانی بەنزینخانەكان پابەندی تەواوی رێكارو رێنماییە تەندروستییەكان بن ‌و لەلایەن كارگوزاری بەنزینخانەكانەوە سوتەمەنیی بكەنە ئۆتۆمبێلەكانەوەو نابێت شۆفێر یان سەرنشین لە ئۆتۆمبێلەكانیان بێنە خوارەوە.

16- بەهەموو شێوەیەك سەردانیكردنی نەخۆش لە نەخۆشخانەكاندا قەدەغەیە.

17- پرسەدانان ‌و ئاهەنگگێڕان ‌و، هەر كۆڕو كۆبوونەوەیەك كە بەریەككەوتن‌و تێكەڵاویی دروست بكات قەدەغەیە.

د. هەڤاڵ ئەبوبەکر

پارێزگاری سلێمانی

سەرۆکی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا