Erbil 15°C سێشەممە 19 ئازار 13:41

ئەنجوومەنی وەزیران چەند بڕیارێکی له‌ به‌رژه‌وه‌ندی هاووڵاتیان ده‌رکرد

بۆ لێخۆشبوون لە کرێ و پێبژاردن
کوردستان TV
#7
100%


لە پێناوی سووککردنی بار و گوزەرانی ئەوانەی بە هۆی ڕێکارەکانی خۆپارێزی لە کۆرۆنا، حكوومه‌تی هه‌رێم چه‌ند بریارێكی له‌ به‌رژه‌وه‌ندی هاووڵاتیان ده‌ركرد.
 
بڕیاری ئەنجومەنی وەزیــــران ژمارە (٥١) لە ٥ ی ئایار ٢٠٢٠  

پشتبەست بە ئەحكامـی ماددەی (هەشتەم) لە یاسای ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمـی كوردستان ژمارە (3)ی ساڵی 1992 هەمواركراو، و لە پێناوی سووککردنی بار و گوزەرانی ئەوانەی بە هۆی ڕێکارەکانی خۆپارێزی لە کۆرۆنا زیانمەند بوون، و لەبەر ڕۆشـــــنایی كۆنووسـی كۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (27) لە 5/5/2020، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری دا به:
 
 
1. لێخۆشبوون لە كرێی كرێچی موڵكەكانی حكومەتی هەرێم بۆ مەبەستی بازرگانی یان پیشەسازی یان كشتوكاڵی یان هەر مەبەستێكی دیكه‌، بۆ ئەو ماوەیەی کە نەیتوانیووە بە شێوەی ئاسایی بەكاری بهێنێت بەهۆی داخستن بەپێـی ڕێکارەکانی خۆپارێزیی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا یان قەدەغەی هاتووچۆ.

2. بەخشینی هاووڵاتییان لە دواكەوتنی پێبژاردن كە كەوتووەتە ئەستۆیان لە ئەنجامی پابەندنەبوونی یاساییان بەرامبەر بە دامەزراوە فەرمییەکانی حكومەتی هەرێم، ئەگەر وادەی پابەندبوونەكەیان كەوتبێتە ئەو ماوەیەی كە بڕیاری قەدەغەی هاتووچۆی تێدا دراوە، وەک ڕێکاریی خۆپارێزیی.

3. دواخستنی وەرگرتنەوەی بڕی گوژمەی سەر هاووڵاتییان بۆ بەرژەوەندیی دامەزراوە حكومی و شارەوانییەكان له‌ ماوەی قەدەغەی هاتووچۆ بە بێ ئەژماركردنی هیچ سوود و پێبژاردنێكی دواكەوتن بۆ ئەو ماوەیە.

4. لەسەر وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئایینی پێویستە رێكاری یاسایی پێویست بگرێتە بەر بەرامبەر بە كرێچی موڵكەكانی ئەوقاف لەژێر رۆشنایی بڕگەكانی ئەم بڕیارەدا.

5. بڕی (١٥٪) لە سەدا پازدە دادەشكێندرێت لەو بڕە پارەیەی كە کرێچی دەیدات لە كرێی ئاو و كارەبا كە دەكەوێتە ئەستۆی قەرزدار پێش دەرچوونی ئەم بڕیارە، ئەم داشكاندنە بەردەوام دەبێت تاكو 15/6/2020.

6. پێویستە لەسەر فەرمانگەكانی باج ماوەی قەدەغەی هاتووچۆ و ماوەكانی داخستنی شوێنە بازرگانی و پیشەسازی و پیشە تایبەتەكان و هەروەها چالاكییەكانی دیكه‌ كە دەكەونە ژێر باری باجی داهات، هەژمار نەكەن وەك ماوەی چالاكی بۆ بەدەستهێنانی داهات كە دەكەونە ژێرباری وەرگرتنی باج بە هەموو جۆرەكانییەوە.

7.داشکاندنى ڕێژەی 15% لە سەدا پازدە لەو پێشینانەى حکومەت کە لەلای هاووڵاتییانە وەک (پێشینەى خانووبەرە و پێشینەى هاوسەرگیـریی و قەرزى بچووک و پێشینەکانی بانکی کشتوکاڵی و پێشینەی پڕۆژەکانی پیشەسازی و گەشتیاری) بە مەرجێک هاووڵاتییان ئامادە بن تا ڕۆژى ١٥ى تەمموزی ٢٠٢٠ تەواوى بڕى پێشینەکان بۆ حکومەت بگەڕێننەوە، و ئەم بڕگەیە قەرزە بازرگانییەکان ناگرێتەوە کە بە کۆمپانیا و بەڵێندەر و وەبەرهێنەران دراون وەک ئاسانکاریی بانکی لەلایەن بانکە بازرگانییەکانەوە

8. وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەم بڕیارە جێبەجێ دەکەن.

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.