تره‌مپ: ئه‌گه‌ر ویلایه‌ته‌كان نه‌توانن دۆخه‌كه‌ كونترۆڵ بكه‌ن سوپا ڕه‌وانه‌ ده‌كه‌م

وڵات‌ دووچاری گێره‌شێوێنی، توندوتیژی، سووتاندنی به‌ مه‌به‌ست، دزی و تاوان بووه‌ته‌وه‌

دۆناڵد تره‌مپ،سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا ده‌ڵێت :ڕایسپاردووه‌ سه‌رۆك شاره‌وانیـیه‌كان و فه‌رمانڕه‌وای ویلایه‌ته‌كان هه‌نگاوی پـێویست بنێن بۆ كۆنترۆڵكردنی دۆخه‌كه‌، ئه‌گه‌ر نا ئه‌وا فه‌رمان ده‌كات سوپا به‌ كاره‌كه‌ هه‌ستێت و به‌ خێرایی كێشه‌یان بۆ چاره‌سه‌ر بكات.

هه‌روه‌ها گوتی: هه‌موو ئه‌مه‌ریكایـیه‌كان زۆر دڵگران و غه‌مگینن به‌ مه‌رگی دڕندانه‌ی جۆرج فلۆید. به‌ڵێنی دا دادپه‌روه‌ری بێته‌ دی بۆ مه‌رگی جۆرج و ئه‌و زیانه‌ی به‌ر خێزانه‌كه‌ی كه‌وتووه‌.

سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا گوتیشی: به‌ڵام ناتوانێت ڕێگه‌ بدات ده‌نگی ناڕه‌زایی خۆپـیشانده‌رانی ئاشتیخواز له‌ نێو هاواری كه‌سانی توڕه‌ی گێره‌شێوێن ونببێت. ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد له‌م ڕۆژانه‌ی دوایی وڵاته‌كه‌ دووچاری گێره‌شێوێنی، توندوتیژی، سووتاندنی به‌ مه‌به‌ست، دزی و تاوان بووه‌ته‌وه‌.

ژێده‌ر / ده‌نگی ئه‌مریكا