خاله‌كانى رێککەوتنی ستراتیژیی نێوان ئه‌مه‌ریكاو عێراق ئاشکرادەكرێن

ماتیۆ تیلەر باڵوێزی ئەمریکا لە بەغدا خاله‌كان ئاشكرا دكات

ئەمڕۆ یەک شەممە،  ماتیۆ تیلەر باڵوێزی ئەمریکا لە بەغدا لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا كه‌ له‌ هه‌ژماری فه‌رمی باڵوێزخانه‌ له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ ،رایگەیاندووە، تیمی دیپلۆماسیی وڵاتەکەی لە بەغدا و هەولێر گفتوگۆ لەبارەی هەموو لایەنەکانی رێککەوتنێکی ستراتیجی لەنێوان عێراق و ئەمریکا، دەکەن.

ماتیۆ تیلەر لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا،ئاماژەی بەوەش کردووە، رێککەوتنی واشنتن و بەغدا، کە بڕیارە لە ناوەڕاستی مانگی 6ـی 2020 بکرێت، تەنیا لە رووی هاوکاریی ئەمنی نابێ، بەڵکو هەموو لایەنە سیاسی، ئابووری، رۆشنبیری، پەروەردەیی و زانستییەکان دەگرێتەوە.

باڵوێزی ئەمریکا باس له‌وه‌ش ده‌كات، کە بەشی ئابووریی باڵوێزخانەکەی سەرنج دەخاتە سەر هێنانی بازرگان و وەبەرهێنەرانی ئەمریکا بۆ عێراق، بە مەبەستی هاوکاریکردنی ئەو وڵاتە لە پرسی سەربەخۆبوونی وزە.

هەروەها ناوبراو ئه‌وه‌شی خستۆته‌ روو، نووسینگەی پەنابەرانی باڵوێزخانەکەی هاوکاریی ملیۆنان ئاوارەی عێراقی کردووە بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.

ماتیۆ تیلەر راشی گه‌یاندوه‌، کە نەوەی داهاتووی عێراق سوود لە چالاکییە رۆشنبیرییەکانی ئەمریکا لە عێراق وەردەگرێت، کە بریتییە لە وەرگرتنیان لە زانکۆ ئەمریکییەکان.